لە درێژەی كارو چالاكییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا بە یاوەری زانا كوردە ڕاوێژكاری نوێنەرایەتی، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیكای فیدرال-ی كرد و لەوێ لە لایەن خاتوو ‘میشێل دنێف’ بەرپرسی دێسكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باكور لە وەزارەتی دەرەوە، پێشوازییەكی گەرمی لێكرا.
لەوباریەەوە دلاوەر خالید ئاژگەی رایگەیاند:”لە سەرەتادا خاتوو دنێڤ بە گەرمی پیرۆزبایی لێكردین بە بۆنەی دەستبەكاربوونمان وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستین لەو ئەركە نوێیەدا.
وتیشی:”لە میانەی دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان بەلجیكا و حكومەتی هەرێمی كوردستان باسیان لێوەكرا. لە سەرەتادا بە ووردی باسمان لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەریمی كوردستان و عێراق بە گشتی كرد و ئاماژەمان بە سەقامگیریی ڕەوشی كوردستان و ئەو كەشە لەبارە كرد كە بۆ بزنس و وەبەرهینان هاتۆتە ئاراوە. لەو میانەیەدا ئامادەباشی نوێنەرایەتیمان نیشاندا بۆ هاوكاریكردن و ڕەخساندنی پەیوەندیی بەهێز و جێگیر لە نێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و ووڵاتی بەلجیكا.
دلاوەرگوتیشی:”لە لای خۆشیەوە خاتوو دنێف خۆشحاڵی خۆی بەو گەشەكردنە بێوێنەیە دەربڕی كە لە هەرێمی كوردستاندا بەدیدەكرێ و ئاشكرایكرد كە وەزارەتی دەرەوە لە دیراسەكردنی بیرۆكەی كردنەوەی كۆنسوڵێكی فەخری بەلجیكادایە لە هەولێری پایتەختی هەریمی كوردستان.
هەر بە مەبەستی توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، كۆمەڵێك بیرۆكە و ڕاوبۆچوون بۆ كاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دەرەوەی بەلجیكا و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵووگۆڕ كران و بەڵێن درا كە چاوپێكەوتن و دیدارەكان بەردەوام بن.