وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كار لەسەر جێبەجێكردنی شەقامی 100مەتریی سلێمانی دەكەین.
ئەمڕۆ دووشەممە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەمیانەی ئەو سەردانەیدا پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەك فەرمانگەی بەسەر كردەوە و رایگەیاند دووبارە كار لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی دەكەین.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان و خنكانی دەروازەی شاری سلێمانی چارەسەر دەكات، دەمێكە ئەو پرۆژەیە گرێبەستی بۆ كرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، نەتواندرا جێبەجێ بكرێت، دواتر لێپرسینەوەی یاسایی كرا و ئێستاش جارێكی دیكە دووبارە لە پێداچوونەوەدایە، هەم فەرمانگەی ئەندازیاری سەرپەرشتیار و هەمیش شارەوانیی سلێمانی و لە وەزارەتیش كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەین.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە پرۆژەكە كاری لەسەر دەكرێت و ئیستاش لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا بگاتە ئاكام، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە ئەوان بە جدیی كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە گرنگەی شاری سلێمانی دەكەنەوە كە بەهۆیەوە خنكانی دەروازەی شاری سلێمانی چارەسەر دەكات.