ڕاوێژكاری ئابووری كونسوڵگه‌ری كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق سه‌ردانی ژووری بازرگانی سلێمانی ده‌كات


به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌وه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كان له‌ نێوان بازرگانانی شاری سلێمانی و كه‌ندا، ڕاوێژكاری ئابووری كونسوڵگه‌ری كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ژوور ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێریه‌وه‌ پێشوازی لێ كرا.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا سیروان محه‌مه‌د به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی مه‌جید دله‌، ڕاوێژكاری ئابووری كونسوڵگه‌ری كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد و ڕایگه‌یاند ”سه‌ردانه‌كه‌تان بۆ شاری سلێمانی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگای كشتوكاڵی، كه‌ شاری سلێمانی له‌ ڕووی كشتوكاڵه‌وه‌ گه‌شه‌سه‌ندی به‌رچاوی به‌ خۆیه‌وه‌ بینوه‌ و له‌ ئێستادا زیاتر له‌ ١٨ هه‌زار خانووی پلاستیكی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌ و له‌ چه‌ندین به‌روبومی كشتوكاڵیشدا گه‌شیتوینه‌ ئاستی خۆ بژوێ”.

ڕاشیگه‌یاند ”سلێمانی له‌ ڕووی پیشه‌سازیشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق پێشه‌نگه‌ و زۆرترین كارگه‌ گه‌وره‌كانی عێراق له‌ سلێمانین و له‌سه‌دا ٣٠% كه‌رتی پیشه‌سازی عێراق له‌ شاری سلێمانییه‌، بۆیه‌ هیوادارین وه‌به‌رهێنه‌ره‌ كه‌نه‌دییه‌كان هان بده‌ن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و لێره‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین”.

سه‌رۆكی ژوور ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ”له‌ڕووی بازرگانیشه‌وه‌ شاری سلێمانی گه‌شه‌كردنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و چه‌ندین بازرگان و خاوه‌نكاری گه‌وره‌ له‌م شاره‌دان كه‌ ده‌توانن ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بكه‌ن، له‌ئێستادا ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی سه‌رقاڵی دروستكردنی گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی كۆگای بازرگانییه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان و عێراقدا كه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێكی گرنگی بازرگانی له‌ ناوچه‌كه‌دا”.

سامان ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەی گەنجینەکان، رایگه‌یاند ”پرۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بریتیە لە ٩٠٠ گەنجینە کە  لەسەر رووبەری ٥٢٢ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و دابەش بووە بەسەر چوار جۆر گەنجینەدا کە رووبەرەکەیان بریتیە لە گەنجینەی ٢٠٠ مەتری و ٤٠٠ مەتری و ٦٠٠ مەتری و ٨٠٠ مەتری.، لەئێستاشدا رۆژانە کارکردن تیادا بەردەوامە، کە لەدروستکردنی پرۆژەکەدا هەموو ستاندار و پێوەرێکی جیهانی تێدا ڕەچاو دەکرێت”.

له‌ ئێستادا ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌ نیازی دروستكردنی بینایه‌كی نوێییه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا نه‌خشه‌و دیزانی بینا نوێیه‌كه‌ له‌لایه‌ن سامان سامان ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەكه‌ خرایه‌ڕوو.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌جید دله‌، ڕاوێژكاری ئابووری كونسوڵگه‌ری كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق رایگه‌یاند ”ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین و چالاكترین ژووره‌ بازرگانییه‌كانی عێراق بۆیه‌ خۆشحاڵ ده‌بین بتوانین په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانی و ئابووریه‌كانمان له‌گه‌ڵ خاوه‌نكارانی سلێمانی زیاتر گه‌شه‌ بكات پێكه‌وه‌ كاری زیاتر بكه‌ین، خۆشحاڵی و سه‌رسامی خۆی ده‌ربڕی به‌و پرۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئاماده‌ین به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریتان بكه‌ین له‌ دروستكردنی پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌كان و بینایی ژووردا ”.

ڕاوێژكاری ئابووری كونسوڵگه‌ری كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق هیوای خواست بینای نوێی ژوور ببێته‌ سه‌نته‌رێكی بازرگانی گرنگ له‌ ناوچه‌كدا سه‌رسامی خۆشی به‌ دیزانی پرۆژه‌كه‌ ده‌ربڕی و دووپاتی كردوه‌ ئاماده‌ین به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریتان بكه‌ین له‌ دروستكردن و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌دا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا خۆشحال ده‌بین بازرگانان و خاوه‌نكارانی سلێمانی به‌شداری له‌و پێشه‌نگایانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كه‌نه‌دا ده‌كرێته‌وه‌، تاكو له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانانی كه‌نه‌دا گفتوگۆ بكه‌ن و ئاشنا بن به‌و كاڵا و شتومه‌ك و ته‌كه‌نه‌لۆژیانانه‌ی له‌ پێشه‌نگاكاندا نمایش ده‌كرێت”.
 
شایه‌نی باسه‌ ڕاوێژكاری ئابووری كونسوڵگه‌ری كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق سه‌ردانی بینایی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كرد و له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک ئاماده‌بوو.