وهزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی گەورەی سێکتەری کارەبا سوتەمەنییە، لە هەوڵی ئەوەدان سێکتەری کارەبا بدەن بە کەرتی تایبەت، دەشڵێت، تا ئێستا 72 هەزار پێوەری زیرەک دانراون، دانانی ئەو پێوەرە لەسەدا 80ی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکات.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم راگەیاند، “کێشەی سەرەکی ئێمە نەبونی سوتەمەنییە نەوەک بەرهەمهێنانی کارەبا، لە هەرێمی کوردستان ١٤ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە کە سەرجەمیان بڕی شەش هەزار و ٧٣٧ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، ئەوەیشی کە ئێستا بۆ خەڵک دابین دەکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام لە ساڵی ٢٠١٩دا، بڕی سێ هەزار و ١٥٥مێگاوات کارەبایە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ١٢ یەکە کار ناکەن بەهۆی نەبونی سوتەمەنییەوە کە هەر یەکێکیان بڕی ١٢٥ مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، واتا ئێستا بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەبا راوەستاوە بەهۆی نەبونی سوتەمەنییەوە، هەر سێ وێستگەی ماس، کار و قەیوان پێویستە بڕی پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن کە وێستگەی ماس بڕی چوار هەزار، وێستگەی کار هەزار، هەروەها وێستگەی قەیوان ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن.
وەزیری کارەبا رونیکردەوە، “ئەو وێستگانە بە غاز و گازوایل کار دەکەن و بەهۆی ئەوەی گازوایل گرانە و تێچوی زۆرە کە هەر کیلۆواتێک دەچێتە سەرو ١٣ سەنت و غازیش تێچوی نزیکەی ٦.٣ سەنتە، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ نمونە هەر یەکەیەکی 125 مێگاواتی پێویستی بە بڕی 863 هەزار لتر گازوایلە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، ئەگەر بۆ ماوەی یەک مانگ حسابی بکەین نزیکەی 25 ملیۆن لتر گازوایلمان پێویستە و ئەگەر هەر لتری لەسەر نیو دۆلار حساب بکەین ئەوا تێچوێکی زۆرە”.
لەبارەی بەستنی پێوەری زیرەک باس لەوەدەکات، “گرێبەستی پێوەری زیرەک لە ساڵی 2017 واژۆکرا کە لەبەر چەند هۆکارێک راوەستا، بەڵام لە مانگی هەشتی 2019 دەستکرا بە جێبەجێکردنەوەی و تا ئێستا 72 هەزار پێوەری زیرەک دانراوە، دانانی پێوەری زیرەک سەدا 80ی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکات، چونکە بە پلەی یەکەم زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا ناهێڵێت”.
کەمال محەمەد ئاشکرایکرد، کارەبا چوار سێکتەری سەرەکییە کە بریتیین لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردن، وەکو وەزارەتی کارەبا لە سێکتەری بەرهەمهێنان سەدا 85ی کەرتی تایبەتە، هەروەها وێستگەکانی ماس، کار و قەیوان بڕی پێنج هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، بەڵام سێکتەری دابەشکردن زۆر پێویستە ئەویش بکەن بە کەرتی تایبەت، دوای دانانی پێوەری زیرەک ئەوا دابەشکردنی کارەباش دەبێت بە کەرتی تایبەت و “چارەسەرکردنی دروستیش ئەمەیە”.
لە کۆتایی ساڵی 2015دا بەردی بناغەی پڕۆژەی هایدرۆ پاوەر (کارۆئاوی) لە پارێزگای دهۆک دانرا بە گوژمەی 168 ملیۆن دۆلار کە توانای بەرهەمهێنانی 37 مێگاوات کارەبای هەیە، تا ئێستا ئەم پڕۆژە بە ناتەواوی ماوەتەوە.
وەزیری کارەبا رونیکردەوە، “پڕۆژەی هایدرۆ پاوەر لە دێرەلوکە و یەکەمین پڕۆژەیە لە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژەیە لەسەر قەرزی ژاپۆنی دروستکراوە و لەسەدا 75ی پڕۆژەکە تەواو بوە و کارکردن تیایدا بەردەوامە”.
ئەوەشی خستەڕو، “ئێمە بڕی 350 مێگاوات کارەبا دەدەین بە موسڵ و بڕی 100 مێگاواتیش دەدەین بە کەرکوک، ئەمە بابەتی فرۆشتن نییە، بەڵکو وێستگەکانی بەرهەمهێنان پابەندییەکی لەسەر حکومەت هەیە بە رێژەی 60 لەسەدا، بۆ نمونە وێستگەی خورمەلە کە بەرهەمهێنانی هەزار مێگاواتە ئەوا 600 مێگاوات لەسەر ئێمە پابەندییە، ئەگەر کار بکات یان نەیکات پێویستە ئێمە 60 لەسەدا پارەی ئەوان بدەین، ئەوەی دەمێنێتەوە کە 40 لەسەدایە، چونکە ئێمە لێی ناکڕین و نابین بە رێگریش لە فرۆشتن ئەوا دەیدەن بە کەرکوک و نەینەوا و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەم بڕە کارەبایە بۆ کەرکوک و نەینەوا دەچێت”.