لە سلێمانی بەرهەمی سەوزەی ناوخۆ پێداویستی بازاڕ پڕ دەكاتەوە و لەو بەرهەمەش بەشێكی هەناردەی پارێزگاكانی تری عیراق دەكرێت، قائیمقامی سلێمانی دەڵێت گرنگی تەواو بە بەروبومی ناوخۆیی دەدەن و رێگەش نادرێت بەنایاسایی سەوزە و میوە هاوردە بكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ دوو شەممە 2 كانونی یەكەمی 2019ك ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبونی سەوزەو میوە لە پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە، رایگەیاند: بە ئامانجی زیادكردنی ئاستی بەروبومی ناوخۆیی پاڵپشتی زیاتری جوتیاران و پرۆژە خۆماَلییەكان دەكەن.
وتیشی: وەك هاوكارییەك بۆ جوتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان جەخت لە بڕیاری وەرنەگرتنی (عمولە) لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی دەكەنەوەو لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت و هەر نوسینگەیەكی كشتوكاڵی پارە لە جوتیاران وەربگرێت رووبەڕووی سزا دەكرێتەوەك بڕیارەكەش كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دروستبونی جموجوڵ و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی جوتیاران لە عەلەوەی سلێمانی.
لە كۆبونەوەكەدا بڕیار درا هەموو هەوڵێك بدرێت بۆئەوەی رێگە نەدرێت بەروبومی سەوزە و میوە بە قاچاخ هاوردە بكرێت، لە هەرشوێنێكی عەلوە و بازاڕەكاندا ئەو بەرهەمانەی كە بە نایاسایی هاوردەدەكرێن ببینرێن بەتایبەت لەم وەرزەدا ترێ و هەنار خاوەنەكەی روبەروی رێكاری توندی یاسایە دەكرێتەوە.