پارێزگاری سلێمانی: باشترین پارێزگا لە رووی هەژاری و بێکارییەوە سلێمانییە


پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ”لە عێراقدا کەمترین ئاستی بێکاریی و هەژاری لە سلێمانییە، بەجۆرێک تەنیا 8%ی دانیشتووانی سنووری سلێمانی بێکارن و 5.5%یش لە هێڵی هەژاریدان”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ رادیۆی رووداو  وتی: “بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی چەند پاسێک لە دەوروبەری شەقامی 60 مەتری دابیندەکرێت، هەموو پلانەکەمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لەگەڵ چەند شارێکی ئەوروپی و چەند کۆمپانیایەک سەرقاڵی ئەوەین بۆ ئەوەی چەند پاسێک بهێنینە سەنتەری سلێمانی، بەڵام سەرەنجام دەبێت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رەزامەندی بدا”.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی: “دوو ساڵە سەرقاڵی کردنەوەی نووسینگەی راستاندنین، بۆ ئەوەی هەر کەس هەرکارێکی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەبێ (منداڵبوون، مردن، میرات، هاوسەرگیری، جیابوونەوە، گەشکردن و چەندین کاری دیکە) دەتوانن لە رێگەی ئەو نووسینگەوە کارەکانیان رایی بکەن، لیژنەیەک لە عێراقەوە هاتووە و شوێنەکەی بینیوە، ئەم نووسینگەیە تەنیا لە بەغدا هەیە، بەڵام لە داهاتوودا لە سلێمانیش دەکرێتەوە و بڕیاری لەسەر دراوە”.
 
لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانیشەوە پارێزگاری سلێمانی وتی: “تاوەکو 15-11-2019 کارەبای نیشتمانی 17بۆ 23 کاژێر هەبووە و بەرهەمهێنانی کارەبا 1500 مێگاوات بووە، بەڵام لەو کاتە بەدواوە خواست لەسەر کارەبا لە 1500 مێگاواتەوە بۆ 6500 مێگاوات بەرزبووەتەوە و بەرهەمهێنانیش وەکو خۆیەتی، نەبوونی نەوتیش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا”.
 
”باشترین پارێزگا لە رووی هەژاری و بێکارییەوە سلێمانییە” ئەمە قسەی هەڤاڵ ئەبوبەکرە و دەشڵێت: لە عێراقدا کەمترین ئاستی بێکاریی و هەژاری لە سلێمانییە، بەجۆرێک تەنیا 8%ی دانیشتووانی سنووری سلێمانی بێکارن و 5.5%یش لە هێڵی هەژاریدان.
  
لەبارەی پرۆژی 100مەتری و پلانی هاتووچۆ بۆ سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: “چاوەڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانین، سەرۆک وەزیرانی بەڵێنی پێداوین پارەکەمان بۆ تەرخان بکات. بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاتووچۆش دەبێ ژمارەی ئۆتۆمبێل و کاتی مانەوەیان لەسەر جادەو بانەکان کەمبکەینەوە و پلانێک دابنێین کە ئیدی تاکسی بەبێ کار نەسووڕێتەوە، پلانی ئەوەمان هەیە کە هێڵی زەرد بۆ پاس دروستبکەین، ئێستاش وەکو سەرەتایەک لە شەقامی سالم دروستمانکردووە”. 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، بەراورد بە شارەکانی دیکە، نرخی بەنزین لە سلێمانی هەرزانترینە، رۆژانەش دوو ملیۆن و 850 هەزار لیتر بەنزین دەسووتێنرێ.