كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ خاوەن كارگەكان سێشەممەی داهاتوو دەبێت


سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی سەرقاڵیان بە كۆبوونەوەكانی نێوان هەولێر ‌و بەغدا كۆبوونەوەیان لەگەڵ خاوەن كارگە‌ و بازرگانان دەكەوێتە رۆژی سێشەمەی داهاتوو.
 
د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە لەئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ خاوەن كارگە‌ و بازرگانان لەبارەی گرفتەكانیان كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵییان بە كۆبوونەوەكانی نێوان هەولێر ‌و بەغدا كۆبوونەوەكە بۆ كاژێر دووی رۆژی سێشەممە 3-12-2019 دواخراوە.
 
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، كۆبوونەوەكە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیرانی بازرگانی ‌و پیشەساز ‌و دارایی ‌و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئامادە دەبن، بەهیوای ئەوەی بتوانین گفتوگۆیەكی باش بكەین ‌و چارەسەر بۆ كێشەكانیان بدۆزینەوە.
 
شەوی پێجشەممە لەسەر هەینی 21-11-2019، د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی (تۆڕی میدیایی رووداو)ی كرد كە بەرنامەكە تایبەت بوو بە كێشە ‌و گرفتی خاون كارگەكان لە هەرێمی كوردستان، د.ئومێد سەباح بەڵێنیدا لەبارەی كێشە‌ و گرفتەكانیان لەگەڵ خاوەن كارگەكان كۆببێتەوە.