وەزبری نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی كۆمپانیای سۆمۆمان ئاگادار كردووەتەوە، ئامادەكاری بكەن بۆ وەرگرتنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە.
سامر غەزبان، لەلێدوانێكدا بۆ تەلەڤزیۆنی عەهد، رایگەیاند:” پێدەچێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە حكومەتی هەرێم، بەشێوەی رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەند بكات.”
وتیشی، نەوتەكە لەڕێی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق ( سۆمۆ) وەردەگیرێت و لەڕێی بۆرییە نەوتییەكانەوە هەناردەی بەندەری جیهانی توركی دەكرێت.
غەزبان روونیكردەوە:” یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2019 زۆر روونە لەبارەی ئەو ماف و ئەركەی لەسەرشانی بەغداو هەولێرە، لەبارەی رادەستكردنی نەوت، بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی ڕادەست نەكردووە.”
وەزیری نەوتی عیراق جەختی لەوەكرد، ئەو بارودۆخە لە ساڵی 2020 دا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و بەرپرسانی سۆمۆی ئاگادار كردووەتەوە، ئامادەكاری بكەن بۆ وەرگرتنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە. دەشڵێت:” ئەوە خوێندنەوەی منە بۆ ئەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوو لادا هەیە.”
لێدوانەكەی وەزیری نەوتی عیراق لەكاتێكدا دێت، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندێك لەهەرێمی كوردستانەوە روو لەبەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020.