له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌ك ده‌توانێت رۆژانه‌ 120 تۆن زه‌یتون له‌ جوتیاران وه‌ربگرێت




رۆنی زه‌یتوون یه‌كێك له‌ گرنگترین به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌ كه‌ له‌ زه‌یتوون به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. چه‌ند ساڵێكه‌ به‌شێك له‌ جووتیارانی كوردستان روویان له‌ به‌رهه‌مهێنانی كردووه‌ و ته‌نانه‌ت كارگه‌ی پیشه‌سازیشیان بۆ دامه‌زراندووه‌. له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی رۆنی زه‌یتوون رۆژانه‌ توانای وه‌رگرتنی 120 تۆن له‌و به‌رهه‌مه‌ی هه‌یه‌.

په‌یام سه‌یوان به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی راسان، ئاشكرای ده‌كات  ”ئه‌و ڕۆنه‌ی به‌رهه‌می دێنن ڕۆنێكی نمره‌ یه‌كی زه‌یتوونه‌، هیچ پێكهاته‌یه‌كی تری تێكه‌ڵ ناكرێت و ته‌نانه‌ت هیچ پێكهاته‌یه‌كیش بۆ پارێزگاری “حافیزه‌”ی تێدا نییه‌”. 

رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆنی زه‌یتوون له‌ باشترین جۆری زه‌یتوون، 15%یه‌ و له‌ كارگه‌كه‌ له‌ هه‌ر تۆنێك زه‌یتوون، بڕی 150 كیلۆ ڕۆن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، خراپترین جۆری زه‌یتوونیش 4%ی بۆ رۆنی زه‌یتوون دێته‌ گۆڕین.

له‌باره‌ی كاتی پێگه‌یشتن و وه‌رزی لێكردنه‌وه‌ی زه‌یتوون، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی ڕاسان زیاتر وتی، “ساڵانه‌ له‌ دووی تشرینی دووه‌م، وه‌رزی وه‌رگرتنی زه‌یتوونه‌ بۆ ڕۆن تـا كۆتایی مانگی شوبات و تا كه‌شوهه‌وا سارد بكات و زه‌یتوون ڕه‌شتر بێت، ڕێژه‌ی ڕۆنیشی زۆرتر ده‌بێت” .

زۆربه‌ی ئه‌و زه‌یتوونه‌ی له‌م كارگه‌یه‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ رێژه‌ی حه‌وت تا 12%ی بۆ رۆنی زه‌یتوون دێته‌ گۆڕین و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ زیاتر خستیه‌ڕوو، له‌ كۆتایی 2018 كارگه‌كه‌یان كردووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پێویست جووتیار نه‌یزانیوه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی پێشبینی بۆ به‌رهه‌می زه‌یتوونی ئه‌مساڵ په‌یام ده‌ڵێت، “هێشتا سه‌ره‌تای وه‌رگرتنی زه‌یتوونه‌، بۆیه‌ ناتوانین دروست بۆچوونی خۆمان بڵێین له‌سه‌ر زه‌یتوونی ئه‌مساڵ، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی بۆمان هاتووه‌، جۆری زه‌یتوونه‌كه‌ باشه‌ و له‌ كۆتایی مانگی ساڵ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به‌رهه‌می ئه‌مساڵ چه‌ند بووه‌.”

له‌ كارگه‌كه‌دا زۆرتر پشت به‌ به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌به‌سترێت، له‌ ئه‌گه‌ری پێویستی كارگه‌كه‌ بۆ زه‌یتوون، ئه‌وا ته‌نیا له‌ ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زه‌یتوون دێنن و هیچ زه‌یتوونێك له‌ وڵاتانی تر ناكڕن، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن ئه‌مساڵ به‌رهه‌می ناوخۆ پێویستییه‌كانی ئه‌وان دابین بكات.

له‌باره‌ی نرخی گۆڕینی زه‌یتوون، ساڵی رابردوو بۆ هه‌ر تۆنێك زه‌یتوون، 150 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ نرخه‌كه‌یان بۆ 130 هه‌زار دینار كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.

پێویسته‌ بوترێت دوای ئه‌وه‌ی كارگه‌كه‌ رۆنی زه‌یتوون به‌رهه‌م دێنێت، جووتیار ده‌توانێ هه‌ر لیترێك زه‌یتوون به‌ 13 هه‌زار دینار بفرۆشن.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ نرخه‌كه‌ كه‌مێك به‌رزه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕۆنه‌ی ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ نمره‌ یه‌كه‌، واته‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ زه‌یتوونی ساغه‌وه‌ وه‌ریده‌گرن، ئه‌گه‌رچی ده‌توانن له‌ گوشراوی یه‌كه‌م دوای تێكه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ و شتی تر، نمره‌ دوو و نمره‌ سێ به‌رهه‌م بێنن، هاوشێوه‌ی ئه‌و رۆنه‌ زه‌یتوونانه‌ی بازاڕ كه‌ هیچ كامێكیان نمره‌ یه‌ك نییه‌ و له‌ گوشراوی دووه‌م به‌رهه‌م هاتوون.

به‌وته‌ی په‌یام سه‌یوان، له‌ بازاڕدا خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یان زۆره‌ چونكه‌ به‌ كوالێتییه‌كی به‌رز ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می دێنن، گوشراوی یه‌كه‌مه‌ و هیچ ماده‌یه‌كی تری له‌گه‌ڵدا تێكه‌ڵ ناكرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماده‌ی حافیزه‌ی تێناكه‌ن، دوو ساڵ گره‌نتی به‌سه‌رچوونی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.

له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌ كارگه‌دا، خاوه‌نه‌كه‌ی روونی كرده‌وه‌، چه‌ند گه‌نجینه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ كه‌ 60 هه‌زار لیتر رۆن هه‌ڵده‌گرن و كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن زیاتری بكه‌ن بۆ 100 هه‌زار لیتر. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا “گرنگه‌ خه‌ڵك بزانێ به‌ سێ ڕێ هه‌ڵیده‌گرین كه‌ گه‌ره‌نتی سێ ساڵی هه‌یه‌ و تێك ناچێت، ئه‌ویش له‌ تانكی ستیلی دژه‌ ژه‌نگه‌ كه‌ له‌ پله‌ی 18 ده‌یپارێزین و به‌ به‌كارهێنانی نایترۆجین بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هه‌وایه‌ی له‌ تانكییه‌كان هه‌یه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌مساڵ بڕێكی زۆر كه‌ممان ماوه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌نجینه‌كان به‌هۆی زۆری خواسته‌وه‌”.