بەهۆی كاریگەری سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، داهاتی نەوتی ئێران ئەوەندە كەمی كردووە كە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا هیچ قەبارەیەكی بۆ دیاری نەكراوە.
حكوومەتی ئێران دەڵێت خۆیان لە داهاتی نەوت دوور خستووەتەوە بۆ ئەوەی پشت بە بەرهەمی تر ببەستن، بەڵام راستییەكەی ئێران لە ناچاریدا ئەم بڕیارەی داوە چونكە لە ساڵانی رابردوودا داهاتی نەوت لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتی ئێران هەژمار كراوە.
بەگوێرەی “ئاریا” دەبوو ئێران ساڵانە بە رێژەی 10% پاشەكشە لە داهاتی نەوت بكات بۆ ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە خۆی لە نەوت دوور بخاتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەگشتی ئەم داهاتەی لە پڕۆژە یاسای بودجە دەرهێناوە.
نوێنەرێكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە دەرهێنانی داهاتی نەوت لە بودجە بە قەبارەی 60 تریلیۆن تمەن پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر حكوومەت كە بە های دۆلار و بەگوێرەی نرخی دۆلار لە بانكی ناوەندی ئێران، دەگاتە سەرووی 15 ملیار دۆلار.
هاوكات سەرۆكی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە بە گۆڕینی سیستمی باج و رسوومات، هەوڵ دەدەن ئەم كورتهێنانە پڕ بكەنەوە.
ئێران كە لە سەردەمێكدا سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و بەشی زۆری هەناردە دەكرد، ئێستە سەرووی 200 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات.
كەمكردنەوەی ئاستی پشتئەستووری بە داهاتی نەوت و پەرەپێدانی كەرتەكانی تر بۆ وڵاتان، هەنگاوێكی ئەرێنییە، بەڵام ئەوەی ئێران لە دەرەوەی پلانە، بۆیە گوشاری زیاتر دەكەوێتە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.