ئه‌مڕۆ له‌شاری سلێمانی نه‌وتی پسوڵه‌ی (18) به‌سه‌ر هاوڵاتیانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكدا دابه‌شكرا، به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی سلێمانیش ڕایگه‌یاند، نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ناوشار (40)هه‌زاره، له‌ده‌ره‌وه‌ی شاریش (41) هه‌زار دیناره، بڕی پێدانی نه‌وته‌كه‌ش (216) لیتره.
(جه‌مال عه‌لی ) به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی سلێمانی به NNA ڕاگه‌یاندوە، ساڵی ڕابردوو توانییان بۆ ناوشاری سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری، سێ بهرمیلو ناوچه شاخاوییه‌كانیش چوار به‌رمیل دابه‌شبكه‌ن، بهرمیلێكیان بێ به‌رامبه‌ربوو، وتیشی:”به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنه‌كه له(1-8-2012) دانرا، بۆ (31-3-2013)و له‌كاتی خۆیدا دابه‌شكرا”.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌ك مابێته‌وه وه‌ك موته‌فه‌ریقه، به‌مه‌رجێك پسوڵه‌ی (17)ی وه‌رنه‌گرتبێت پێی ده‌درێت، وتی:”دوای ته‌واوكردنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته له‌سلێمانی، دابه‌شكردنی نه‌وتی پسوڵه‌ی (18) له‌ناوچه شاخاوییهكانو ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌ستپێده‌كات، دواتر ده‌ستده‌كرێت به‌دابه‌شكردنی نه‌وتی هه‌ردوو پسوڵه‌ی (19 و 20)”.
سه‌باره‌ت به‌گرفتی سوته‌مه‌نی، جه‌مال عه‌لی باسی له‌وه‌كرد، ئه‌و بڕه سوته‌مه‌نییه‌ی بۆ سلێمانی دێت، تا ئه‌مڕۆ یه‌ك ملیۆن‌و (230) هه‌زار لیتره، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه دیاریكراوه، وتیشی:”هه‌ندێك جار بڕه‌كه وه‌ك خۆی نایهتو كه‌م ده‌گات، توانیومانه تاڕاده‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی ئهمباركردنهوه، سوته‌مه‌نی بۆ هاوڵاتیان دابینبكه‌ین”.
به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زیاتر له (430) هه‌زار خێزان له‌سنوری پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌و نه‌وتیان پێده‌درێت.