لە ماوەی (10) ساڵدا زیاتر لە دو ملیون و (236) هەزار تۆن تەماتە لە لەلایەن جوتیارانى هەرێمەوە بەرهەم هاتوە و بەپێى شیکردنەوەیەکى ئینستتیوتی ئابوری ئەو بڕە (44.2%)ى پێداویستى ناوخۆى پڕ کردوەتەوە.
بەپێی ناوەڕۆكی شیكردنەوەیەكی ئینستتیوتی ئابوری بە ژمارە (ABI) لە ماوەی نێوان دە ساڵی (2007-2017) و بە پشتبەستن بە داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، بڕی دو ملیون و (236) هەزار و (559) تۆن تەماتە بۆ پیداویستی دانیشتوان دابینكراوە کە رێژەى (44.2%) بەرهەمی جوتیارانی كوردستان بوە.
ئیبراهیم سدیق، شرۆڤەكاری ئینستتیوتی ئابوری بە ژمارە ئاماژە بەوە دەکات کە (55.08%)ى بەرهەمى تەماتە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاوردە كراوە و دەڵێت:”كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی كاریگەری گەورەیان لە سەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی تەماتە داناوە، وەك بەرزبونەوەی ئاستی نرخی هۆیەكانی بەرهەمهێنان، بۆ نمونە بۆ بەرهەمهێنانی یەك كیلۆ تەماتە بڕی (185.71) لیتر ئاوی پێویستە کە بە ئەژمارکردنی بەهای یەک لیتر ئاو لە بازارەکانی کوردستان بە (500) دینار، تێچوی کۆتایی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ تەماتە دەکاتە (92,855) دینار، ئەمە سەرەڕای تیچوی دەستی كار، پەیینی كیمیایی، وزە و كرێی گواستنەوە بە جێگری لە هاوكێشەكەدا کە ئەژمار نەكراوە”.
هەروەک ئەوەدەخاتەڕو کە بە درێژایی ئەم چەندین ساڵەى رابرد و كەرتی كشتوكاڵ نەیتوانیوە بڕی تەماتەی پێویست بۆ ناوخۆ دابین بكات و “ئەم هاوكێشەیە بە لاسەنگی ماوەتەوە كە بە هاوردەكردن خواستی ناوخۆی پڕكراوەتەوە”.