هەورامییەکان دڵخۆشن بە بەرھەمی ئەمساڵی گوێزی ناوچەکەیان

ھەورامییەکان جیاواز لە ساڵی رابردوو، دڵخۆشن بە بەرھەمی ئەمساڵی گوێزی ناوچەکەیان، بەرپرسانی کشتوکاڵی ناوچەکەش دەڵێن بەرھەمی گوێزی ئەمساڵی ناوچەی ھەورامان دەگاتە ١٠ ملیۆن دانە گوێز.

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەیلوولدا، ھەورامییەکان دەست بە رنینی بەرھەمی گوێز دەکەن، تەقەی شەنی* شەنیەرەکان دەکەوێتە نێو باخە گوێزەکانی ھەورامان و شەنیەرەکان** کە پێویستە کەسێکی شارەزا و لێھاتوو بن بە دارگوێزە بڵندەکانی ناوچەکەدا ھەڵدەزنێن و بەشەنەکانیان بەرھەمی ساڵێکی دارگوێزەکان دەتەکێنن .

لەئێستادا کە گەرمەی وەرزی تەکاندنی دارگوێزەكانە لە ناوچەی ھەورامان، باخەوانەکانیش بەخاو خێزانەکانیانەوە دەست بەکۆکردنەوەی گوێزەکان دەکەن و شارۆی دارگوێزەکان دەکەن.

خەلیل عەبدولغەفور یەکێک لە باخەوانە بەتەمەنەکانی ناحیەی بیارەیە لە ناوچەی ھەورامان جەختی کردەوە لەوەی کە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو بەرھەمێکی باشتریان ھەیە و بڕوای وایە یەکێک لە ساڵە پڕ بەرھەمەکانی گوێزە.

خەلیل عەبدولغەفور وتی: “ناوچەی ھەورامان بە گوێز و توو بەناوبانگە، کاتی خۆی ژیانی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەسەر ئەو دوو بەرھەمە بووە، گوێزی ئەم ناوچەیەش گوێزێکی بەناوبانگە و تامێکی خۆشتری ھەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاو وھەوای ناوچەکە”.

ئەو باسی لەوەش کرد: “دارگوێزێکی ئەم ناوچەیە ٢٠ تا ٢٥ ھەزار گوێز دەگرێت، لەسەرەمی کۆندا دوای تەکاندنی گوێزەکە بازرگانی پێوە کراوە بەرەو ئێران و بە وڵاخ بردراوەتە شاری کرماشان و لەوێ فرۆشراوە، ھەروەھا بەرەو خانەقین بردراوە”.

ئەو پیاوە بەتەمەنەی ناوچەی ھەورامان ئاماژە بەوەش دەکات کە دارگوێزەکانی ناوچەکە چەند جۆرێکن، بەشێکیان جۆری دارەکەیان و گوێزەکەیان زۆر باشە، بەشێکی مام ناوەند و بەشێکیشی خراپن کە بە گوێزی کوێر و بچووک ناودەبرێت.

لەلای دانیشتووانی ناوچەکە گوێز بەرھەمێکی بەسوودە بەتایبەت بۆ بیری مرۆڤ، لە رووی مادیشەوە بەشێکی دانیشتووانی ناوچەکە داھاتیان لەسەر بەرھەمی دارگوێزەکانیانە و ساڵانە رەنج و ماندووبونێکی زۆر لەگەڵ باخ و دارگوێزەکانیان دەدەن تا بەرھەمێکی باشتریان ھەبێت.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە ١٢ ھەزار دۆنم باخی جۆراوجۆر ھەیە کە حەوت ھەزار دۆنمی باخی ھەنارە و ئەوەی دەمێنێتەوە باخی گوێز و قۆخ و ڕەز و ھەنجیر و بەرھەمی ترە، بەپێی ڕووپێوییەکیش، بۆ ژمارەی دارەگوێزەکانی ھەورامان نزیکەی ٨٠ ھەزار دارگوێزی تەمەن جیاواز لەھەورامان ھەیە.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەرھەمێکی باشتری گوێز ھەیە و لە ناوچەی ھەورامان نزیکەی ١٠ ملیۆن دانە گوێز بەرھەم ھاتووە.

ھەورامان جوگرافیایەکی سروشتی دیاری کراوە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەڵەبجە ، ناوچەیەکی شاخاویە و ڕووبەرێکی زۆری باخ و سەوزایی ھەیە کە بە لەسەدا ٤٠ی ڕووبەری گشتی ناوچەکە مەزەندە دەکرێت لەکۆی زیاتر لە ٧١ ھەزار دۆنم زەوی ھەورامان، کە دابەش بووە بەسەر دوو ناحیەی خورماڵ و بیارە و ٢٥ گوندی دەوروبەریاندا.