داهاتی گه‌شتیاریی سلێمانی (18%) زیادییكردووه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، زیادبوونی هاتنی گه‌شتیاران له‌مساڵدا بۆ سلێمانی، بووه‌ته‌ هۆكارێك داهاتی گه‌شتیاری له‌سلێمانی ڕوو له‌زیادبوون بكات.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌دا ، (نه‌زیره‌ مه‌جید) ڕایگه‌یاندووه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ ستراتیژیه‌ گه‌شتیارییه‌ی له‌سلێمانی داڕێژراوه‌، ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، زیاتر له‌(15) ملیار دیناری بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی گه‌شتیاری له‌سلێمانی ته‌رخانكردووه‌، وتیشی:”گرنگیدان‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان‌و كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی ڕاهێنانی گه‌شتیاریی بۆ كارمه‌ندانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، به‌شێكه‌ له‌پلانی ستراتیژی كه‌رتی گه‌شتیاریی له‌سلێمانی”.
(نه‌زیره‌ مه‌جید) باسی له‌وه‌شكرد، به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك، ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، كه‌مپی گه‌شتیاریی بۆ حه‌وانه‌وه‌ی گه‌شتیاران به‌شێوازێكی مۆدێرن له‌ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان بۆ گه‌شتیاران ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی زۆربه‌ی گه‌شتیاران كه‌ سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن، دانیشتووی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشووری عێراقن‌و ئاستی داهاتیان كه‌مه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاریی سلێمانی ئاشكراشیكرد، زیادبوونی داهاتی گه‌شتیاران له‌فڕۆكه‌خانه‌‌و مه‌رز‌و بازگه‌كانی هه‌رێم، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ گه‌شتوگوزار ده‌توانرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی مسۆگه‌ركراوی داهات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، بۆیه‌ پێویستی بودجه‌ی زیاتری بۆ ته‌رخانبكرێت، وتیشی:”به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانمان، له‌ماوه‌ی چوار مانگی ئه‌مساڵدا نزیكه‌ی (105) گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ پارێزگای سلێمانی‌و به‌وه‌ش داهاتی گه‌شتیاری به‌ڕێژه‌ی (18%) له‌مساڵدا زیادییكردووه‌”.