وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق جارێكی تر بڕیاریدا هاوردەكردنی تەماتە لەسەرجەم دەروازە سنوورەییەكانەوە قەدغە بكرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: لەماوەی رابردووداو لەكاتی چلەی ئیمام حسێنو هاتنی ژمارەیەكی زۆر زیارەتكاری ئاینیو زۆربوونی خواست لەسەر تەماتە وەزارەتەكەیان بریاریدا، لە رۆژی ١٤ی تشرینی یەكەمی رابردوودا بەبڕێكی كەمو تا كۆتاییهاتنی ئەو بۆنە ئاینیە، لە هەموو دەروازە سنوورییەكانەوە تەماتە هاوردە بكرێت، بەڵام ئێستا دوای زیاتر لە٢ هەفتە، جارێكیتر بریاریانداوە هاوردەكردنی تەماتە لەسەرجەم دەروازە سنوورەییەكانەوە قەدغە بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: دەركردنی ئەو بریارە بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆوە بووە، بەتایبەتیش پێگەیشتنی تەماتە لە هەردوو پارێزگای نەجەفو كەربەلا، تاوەكو پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بكرێت.
جەختیشیکردەوە: وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٩ وە تەنها بۆ ماوەی ٢ هەفتە رێگەی بە هاوردەكردنی تەماتە داوەو ئامانجیشیان لەو بڕیارە ئەوە بووە كە نرخی تەماتە بەرز نەبێتەوەو كاریگەری لەسەر بەكارهێنەری ناوخۆ دروست نەكات.