دوێنێ پێنجشه‌ممه (25-4-2013) به‌رامبه‌ر به‌ڕۆژی (پێنج)ی مانگی (گوڵان)ی ساڵی (2713)ی كوردی، هه‌نارده‌ی نه‌وتی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، بۆ به‌نده‌ری (جه‌یهان)ی توركی ڕاگیرا، به‌هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌نێوان عێراق‌و توركیا.
سایتی سۆمه‌ریه‌نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌كۆمپانیای نه‌وتی باكوره‌وه بڵاویكرده‌وه، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ڕاگیراوه، به‌هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند بۆمبێكی چێندراو، به‌بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌نێوان عێراق‌و توركیا له‌ناوچه‌ی (ته‌ل ئه‌لباج)ی نزیك له‌قه‌زای (شه‌رقات).
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ئێستادا تیمه تهكنیكیو ئه‌ندازیارییه‌كان كار له‌سه‌ر چاكردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌و ده‌ستكردنه‌وه به‌هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌كه‌ن، بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، وتیشی:”ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت كێڵگه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، كاریگه‌ریی نابێت بۆ سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، چونكه بڕێكی زۆر له‌نه‌وتی خاوی عه‌مباركراو هه‌یه له‌به‌نده‌ری جه‌یهان”.