وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ”ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و شەش وڵاتی کەنداو ئامادەییان نیشانداوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر 25 بانک و دامەزراوە و کەسایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەهۆی پشتیوانیکردنی لە حزبوڵای لوبنان”.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و شەش وڵاتی دیکەی کەنداو گەشتونەتە رێککەوتن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ٢٥بانک و دامەزراوە و کەسایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەهۆی پشتیوانیکردنی لە حزبوڵای لوبنان.
دواتر ناواندی بەئامانجگرتنی دارایی تیرۆرستان (TFTC) لایەنە سزادراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاشکراکرد کە خراونەتە لیستی رەشەوە.
لەوبارەیەوە، ستیڤ منوچن وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە بەسەردانێک لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ کۆتایهێنان بەپلانی پەرەپێدانی ئابوری فەلەستین، ئوردون، میسر و لوبنان، رایگەیاند وڵاتانی بەحرەین، عومان، قەتەر، کوەیت، سعودیە و ئیمارات رازیبون بەسزادانی ٢٥ دامەزراوە و کەسایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ٢٥ دامەزراوە و کەسایەتییانە پێشتر لەلیستی سزاکانی ئەمریکادا بون.
رۆژی دوشەممەی رابردو لەئیسرائیلەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکراشیکرد کە سزای زیاتری ئابوری بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنن بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە.