بارزانی‌: ئابوری‌ هه‌رێم گه‌شه‌ی‌ كردووه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، گه‌شه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان (8%)ه‌، ئه‌و خێراییه‌ش له‌و پێشكه‌وتنه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی یاسایه‌كی گونجاوی وه‌به‌رهێنان، هه‌بوونی ئاساییش، سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان‌و ویستو پلانی هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وام.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێمی پێشوازی له‌ (میرۆسلاڤ دۆسیك) نێردراوی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان كردو له‌دیدارێكی نێوانیاندا ڕایگه‌یاند، جگه‌ له‌كه‌رتی پیشه‌سازیی وزه‌، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ له‌بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزارو بازرگانیشدا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هه‌رێمی‌و جیهانی ده‌ره‌وه‌ گه‌شه‌ پێ بدات.
هه‌ر به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نێردراوی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان ڕایگه‌یاندووه‌، پێشتر له‌باره‌ی پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زۆر شتی بیستبوو، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرێت زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، ئاماژه‌ی به‌توانایی‌و ئاماده‌یی به‌رچاوی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئابووریی جیهان‌و ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵی هه‌بێت كه‌ هه‌مووی له‌ژێر سایه‌ی سه‌قامگیری‌و ئاساییش‌و بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ پێشكه‌وتن هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.