عیراق ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی سنووری سومار دەربڕی


 پارێزگاری كرماشان ڕایگەیاند، (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕەزامەندیی لەسەر كردنەوەی خاڵی سنووری سومار دەربڕیووە.

هۆشەنگ بازوەند، پارێزگاری كرماشان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، كە چەندین خاڵی سنووری لەگەڵ وڵاتی عیراق دەرفەتی گەورەی ئابووری بۆ پارێزگای كرماشان دروستكردووە، بەڵام بە داخەوە چەندین مانگە خاڵی سنووری سومار داخراوەو ئەمەش بە جیدی لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای كرماشانەوە هەوڵ بۆ  كردنەوەی دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕەزامەندیی لە سەر كردنەوەی ئەم خاڵە سنورییە دەربڕیوەو بۆ ئەم مەبەستەش لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە شاری بەغدا بەڕێوە دەچێت و بە هۆی گرنگی بابەتەكەش تێیدا بەشدار دەبم.

پارێزگاری كرماشان ئەوەشی خستۆتەڕوو، بە داخستنی خاڵی سنووری سومار، لە ڕێگای هەر دوو خاڵی سنووری خۆسرەوی و پەروێزخانەوە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان لەگەڵ عیراق بەردەوام بووە.

هۆشەنگ بازوەند، رونیكردەوە، كە خاڵی سنووری پەروێزخان بە یەكێك لە گرنگترین خاڵە سنوورییەكانی ئێران ‌و پێویستە گومرگ، كێشەو گرفتەكانی ئەم خاڵە سنوورییە چارەسەر بكات.