وه‌رگیراوانی‌ ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ناوه‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ییه‌كانیان

ئه‌مڕۆ 6ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2012، به‌ڕێوه‌به‌ری‌
ناوه‌ندی‌ وه‌رگرتنی‌ قوتابیان و خوێندكاران له‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌
زانستی‌ ئاشكرایكرد، كه‌ وه‌رگیراوانی‌ ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان
ناوه‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ییه‌كانیان.

ئارام ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناوه‌ندی‌ وه‌رگرتنی‌
قوتابیان و خوێندكاران له‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ ڕاگه‌یاند:
له‌ چوارچێوه‌ی‌ پلانی‌ وه‌رگرتنی‌ خوێندكاران و قوتابیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی‌
هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ (2012-2013)، به‌پێی‌ ڕێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌
خوێندنی‌ باڵا، ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌رچووانی‌ ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی‌
هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌رگیران.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خاتوو ئارام زانیاری‌ زیاتری‌
داو وتی‌:” ئه‌نجامی‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌رچووانی‌ ئاماده‌ییه‌ پیشه‌یه‌كان دوای‌ ته‌واوبونیان
له‌ ناوه‌ندی‌ وه‌رگرتنی‌ قوتابیان و خوێندكاران له‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌
زانستی‌ له‌شه‌وی‌ 31/10 له‌سه‌ر 1/11/2012 ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌یان
كردوه‌، ئه‌وانیش لای‌ خۆیانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ پارێزگاكانیان
كردوه‌.

به‌رێوبه‌ری‌ ناوه‌ندی‌ وه‌رگرتنی‌ قوتابیان و خوێندكاران
ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان ده‌بێت بچن ئه‌نجامی‌
وه‌رگرتنی‌ خوێندكارو قوتابیه‌كانیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌
په‌روه‌رده‌ی‌ پارێزگاكانیان وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌وه‌ش خوێندنكاران و قوتابیانی‌ وه‌رگیراو
له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌توانن له‌ رێگه‌ی‌ ئاماده‌ییه‌كانیانه‌وه‌
شوێنی‌ وه‌رگرتنه‌كانیان بزانن.