بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، راگرتنی کاری کۆمپانیای رووسنەفت لە بلۆکێکی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان کاتییە و دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “وەستانی کاری کۆمپانیای رووسنەفت لە بلۆکێکی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی ئاساییە، بەڵام ئەوان بڕیاری سەرمایەگوزاری خۆیان داوە و بەردەوامیش دەبن”.
سەفین دزەیی ئاماژە بەوە دەدات، کە کردنەوەی هەر دەروازەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت و رایدەگەیێنێت “ئەو بابەتەی هەمیشە تورکیا و ئێران باسی دەکەن کە چەندین دەروازەیەکی سنووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، ناکرێت تورکیا تەنیا تەرکیز لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بکات بۆ ئەوەی چەندین دەروازەی هەبێت، بەڕای من ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر ئاساییە، بەڵام لەم کاتەدا دەکرێت برەوی زیاتر بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدرێت، چونکە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانێکی زۆری لە توونێلی گەلی زاخۆ کردووە بۆ ئەوەی کارئاسانی زیاتر هەبێت بۆ هاتووچۆی بازرگانی. ئەگەر ئەو دەروازەیە بکرێتەوە لەڕووی ئابوورییەوە کێشەی نییە، بەڵام لەڕووە عەمەلییەکەوە چۆن دەکرێت، چونکە لایەنێکی لەدەستی سووریادایە و ئەوەی دیکەش پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لەبەرئەوە هەرکارێک بکرێت دەبێت پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە بکرێت و راوێژ و گفتوگۆ هەبێت”.
سەبارەت بە محەممەد، ئەو منداڵەی لە رۆژئاوای کوردستان برینداربوو و ئێستا چارەسەر وەردەگرێت، سەفین دزەیی گوتی “دەبێت شێوازی سووتانی محەممەد بەشێوازێکی پسپۆڕیانە تەشخیس بکرێت و سەرۆک بارزانی خۆی لەسەر خەتە، لەناوخۆ چارەسەری بۆ دەکرێت و ئەگەر بکرێت رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت”.
بەوتەی سەفین دزەیی، زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و دەشڵێت ” هەموو ئاوارەکان بەشێوەیەکی فەرمی نەهاتوون، بەڵکو بەڕێگەی دیکە هاتوونە باشووری کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای واڵایە بۆ ئاوارەکان و ئامادەی هەموو هاوکارییەکە”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەفین دزەیی ئاماژە بەوە دەدات ” رەنگە ئێستا حکومەتی عێراق نەتوانێت تەرکیز لەسەر هەموو بابەتێک بکات، بەداخەوە ئەو بەرەوپێشچوونەی هەبوو نزیکبووین لە رێککەوتن لەگەڵ عێراق، بەڵام ئەو رووداوانەی لە سەرەتای مانگی دە هاتە پێش و خۆپیشاندانەکان پەیوەندی و گفتوگۆکانی سست کردووە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دانووستاندن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی تەواوی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکات و ناکرێت خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببردرێن”.