سلێمانی .. ئاماده‌كاری بۆ ڕێگری كردن له‌ كاره‌ساتی سروشتی ده‌كرێت

له‌ شاری سلێمانی ئاماده‌كاری پێشوه‌خت بۆ رێگری كردن له‌ لافاو هه‌ر حاڵه‌ت و كاره‌ساتێكی سروشتی ده‌كرێت،  قائیمقامی سلێمانیش ده‌ڵێت پلانێكی تۆكمه‌یان داناوه‌ بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان له‌ ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو.

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 2019.10.20، ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی فریاگوزاری خێرا كۆبووه‌وه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سلێمانی و ئه‌و رێوشوێن و ئاماده‌كارییانه‌ تاوتێكران كه‌ گرنگن بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان له‌  ئه‌گه‌ری هه‌ر روووداوێكی سروشتی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا  قائیمامی سلێمانی رایگه‌یاند پلانێكی تۆكمه‌یان داڕه‌شتووه‌  بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و رووداو حاڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌ كاتی لافاو بارانی به‌هێزدا ئه‌گه‌ری روودانی ده‌كرێت.

وتی؛ وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كی پێشوه‌خت بۆ رێگری كردن له‌ دروستبونی لافاو شاره‌وانی سلێمانی هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی رێكخستووه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی مه‌نهۆڵ و ئاوه‌ڕۆكانی شاری  سلێمانی كه‌ ئه‌مه‌ش رۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی شه‌پۆلی باران بارین.
 
وتیشی؛ له‌ لایه‌ن شاره‌وانی سلێمانیه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كێشه‌و گرفته‌كانی كۆبونه‌وه‌ی ئاو و زیان گه‌یاندن به‌هاوڵاتیان چاره‌سه‌ر كراون، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبانی سلێمانی كاری پێویست كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاوله‌سه‌ر شه‌قام و ژێرپرده‌كان كۆنه‌بێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو روبه‌رومان بوویه‌وه‌.

هه‌روه‌ك وتیشی؛ هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سلێمانی رۆڵی گرنگی خۆیان ده‌بینن و تیمه‌كانی شاره‌وانی راسپێردراون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌ساتی سروشتی لێده‌كرێت، ژورێك بۆ چاره‌سه‌ی حاڵه‌ته كتوپڕه‌كان له‌ قائیمقامیه‌تی سلێمانی بۆ روبه‌ر‌وی بوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ پێكهێنراوه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌.

قائیمقامی سلێمانی هه‌موو ئه‌و كارگه‌ی ئاسن و شوێنانه‌ی ئاگاداركرده‌وه‌، سه‌ره ‌مه‌نهۆڵ به‌ساغی یاخو به‌شكاوی بگیرێت روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌مه‌نهۆڵه‌كان‌ دزراون.