هێشتا ئه‌مه‌ریكا و وڵاتان سزایان به‌سه‌ر توركیا نه‌سه‌پاندووه‌، به‌های لیره‌ به‌ خێرایی ڕووی له‌ دابه‌زینه‌

دوای ئه‌وه‌ی ئابووری توركیا له‌ 2018 گه‌یشته‌ خراپترین ئاست، به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌رانبه‌ر گرتنی قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌، ئێسته‌یش جارێكی تر كۆماری و دیموكراته‌كانی كۆنگرێس داوای سزای قورسی ئابووری بۆ سه‌ر توركیا ده‌كه‌ن، به‌هۆی هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، ماڵپه‌ڕی “ستراتفۆر”ی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی له‌وباره‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئابووری توركیا له‌ ڕۆژی عه‌شر نزیك ده‌بێته‌وه‌.

ستراتفۆری نزیك له‌ ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا “سی ئای ئه‌ی” نووسیویه‌تی، ڕۆژی حساب و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئابووری توركیا نزیكه‌، چونكه‌ كۆشكی سپیش خه‌ریكه‌ دێته‌ سه‌ر هه‌مان باوه‌ڕی كۆنگرێسمان و سیناتۆره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی توركیا سزا بده‌ن، تره‌مپ له‌ ڕۆژانی ڕابردوو دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ئابووری توركیا وێران ده‌كات، لیندسی گراهامی سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان و نانسی پیلوسی سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كانیش دووپات له‌ سزادانی قورسی توركیا ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و پێدانی ده‌رفه‌تێكی زێڕین به‌ تیرۆریسته‌ گیراوه‌كانی ناو گرتووخانه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، بۆ دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

ئابووری توركیا دوای ئازادكردنی قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ جۆرێك له‌ جێگیری به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ پێشبینی ده‌كرێ ئابووری ئه‌نكه‌ره‌ به‌ ته‌واوی به‌ره‌و جه‌هه‌ننه‌م بڕوات، چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكوو وڵاتانی ئه‌وروپایش به‌هۆی ترسیان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی داعش بۆ ناو سنووری یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌ توندی كار بۆ سزادانی توركیا ده‌كه‌ن و زۆرێك له‌ وڵاته‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌وروپایش هاورده‌كردنی چه‌كیان بۆ توركیا قه‌ده‌غه‌ كرد و داوای وه‌ستاندنی هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، كه‌ سه‌ركێشییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كورد له‌ سووریا، ئابووری وڵاته‌كه‌ تووشی برینێكی ئابووری هێنده‌ قوورس ده‌كات، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سارێژ نابێ و توركیا به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

له‌ 2018 كاتێك ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر توركیا سه‌پاند، لیره‌ی توركی گه‌یشته‌ 695 لیره‌ به‌رانبه‌ر 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئێسته‌یش دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ 590 لێره‌ به‌رانبه‌ر 100 دۆلار، ئه‌مه‌ هێشتا ئه‌مه‌ریكا و دنیا سزای ئابووری توركیایان نه‌داوه‌، به‌ په‌له‌ به‌های لیره‌ ڕۆژ دوای ڕۆژ داده‌كشێ و نزم ده‌بێته‌وه‌، پێشبینی ده‌كرێ له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی سزاكان، نرخی لیره‌ زۆر زیاتر له‌ 2018 ڕوو له‌ نزمبوونه‌وه‌ بكات.

سیناتۆر و كۆنگرێسمانانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌مو كاتێك زیاتر سوورن له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌یاسای سزادانی توركیا و تێپه‌ڕاندنی له‌ كۆنگرێس و متمانه‌پێدانی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیرانه‌وه‌، لیندسی گراهام و كریس ڤان هۆلین خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاساكه‌ و پێشبینی ده‌كرێ به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ جموجۆڵ بۆ خستنه‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێ بكات و دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كان به‌ ته‌واوی له‌سه‌ری هاوڕان.

ئه‌نجوومه‌نی پیران، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ له‌ ڤیتۆی تره‌مپ بگرێ، پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ سێ به‌ش له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پیران كه‌ ژماره‌یان 100 كه‌سه‌ ده‌نگ به‌ یاساكه‌ بده‌ن، كه‌ ده‌كاته‌ 75 كه‌س، ئه‌مه‌یش پێشبینی ده‌كرێ بێته‌ دی، چونكه‌ ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكا و سیناتۆر و كۆنگرێسمانان به‌ ته‌واوی له‌ هێرشه‌كه‌ی توركیا تووڕه‌ن.

به‌هۆی ڤیتۆكردنی بڕیاری پێشووی كۆنگرێس بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا له‌ ئه‌نجامی كڕینی مووشه‌كی ئێس 400ی ڕووسی، ئه‌نكه‌ره‌ به‌و هیوایه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌یش تره‌مپ ڤیتۆی بڕیاری كۆنگرێس و ئه‌نجوومه‌نی پیران بكات، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌ و دنیا هه‌مووی داوای وه‌ستاندنی هێرشه‌كه‌ی توركیا ده‌كا و تره‌مپیش له‌ ژێر فشارێكی چڕی شه‌قام و سیاسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌، بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مجاره‌ بتوانێ ڕه‌تی بكاته‌وه‌.

ستراتفۆر هه‌نگاوه‌كانی تره‌مپی بۆ سزادانی توركیا بێ ده‌ركردنی یاسا خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ سه‌ره‌تا خۆی له‌ سه‌پاندنی باجی گومرگی ده‌بینێته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێ، ڕێژه‌ی 20% باجی گومرگی به‌سه‌ر ئه‌له‌منیۆم و 50% به‌سه‌ر ئاسن بسه‌پێنێت، جیا له‌وه‌یش بژارده‌یه‌كی تری ده‌ست تره‌مپ، دووباره‌ گفتوگۆكردنه‌وه‌ی یاسای سزادانی توركیایه‌ به‌هۆی كڕینی مووشه‌كی ئێس 400ی ڕووسی، كه‌ ئه‌مه‌یش زیانی یه‌كجار گه‌وره‌ به‌ توركیا ده‌گه‌یه‌نێت.

بژارده‌كانی به‌رده‌م تره‌مپ زۆرن و ئابووری توركیا تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵی دوور مه‌ودا ده‌كرێت

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش ئابووری توركیا به‌ ته‌واوی لاوازه‌ و تووشی داخورانی زۆر بووه‌، كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته‌ بڕی 200 ملیار دۆلار قه‌رزارن و ته‌واوی ئه‌و پاره‌یه‌یش به‌ دۆلار و یۆرۆیه‌، كاتێك به‌های لیره‌یش به‌رانبه‌ر دۆلار و یۆرۆ زۆر نزم ببێته‌وه‌، ئه‌وا زه‌ره‌ری یه‌كجار گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و هه‌ڵئاوسان دروست ده‌بێ و زۆرێكیشیان وڵاته‌كه‌ جێ ده‌هێڵن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌نكه‌ره‌ كارتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕازیكردنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ به‌كارده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌كان بگرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سزاكان چڕوپڕ بن و گورزی گه‌وره‌ له‌ ئابووری توركیا بوه‌شێنرێت، ئه‌وا چیتر خه‌ڵكی توركیا فریوی ئه‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌ ناخۆن و پێشبینی ته‌قینه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆی توركیا ده‌كرێ.