تا چەند ساڵێك لەمەوبەر كۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی تەكنەلۆجیای ژاپۆنی وەل شارپ و سۆنی و پاناسۆنیك، پێشەنگی هەموو بوارێكی تەكنەلۆجی بوون، بەڵام ئێستا ئەو كۆمپانیا گەورانە رووبەڕووی زیانی زۆر هاتوون و خەریكە لە بیر خەڵكی بچنەوە.
پەیامنێری بی بی سی لە ژاپۆن، دەڵێ: نزیكەی 80 لەسەدی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەرهەمەكانی ئەپڵ بەكاردەهێنن بەتایبەت لە مۆبایلدا، تەنانەت دوای ئەو بەرهەمە بەرهەمەكانی سامسۆنگی كۆریایی دێت.
گیرهارد فاسۆر پسپۆری ئابووری كە دانیشتوی تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆنە، دەڵێ: كۆمپانیا ژاپۆنییەكان لەسەرەتاوە ناوبانگ و گەورەیی خۆیان لەسەر دروستكردنی ئامێرەكانی تەلەڤزیۆن و رادیۆ و ئامێرەكانی بەفرگر و جلشۆر دروستكرد كە هەموویان ئامێر میكانیكی ئاڵۆز بوون، بەڵام شۆڕشی ژمارە و دیجیتاڵ دۆخەكەی گۆڕی.
ئەو دەڵێ كێشەكە لەوێیە ئێستاش كاری ئەو كۆمپانیا ژاپۆنییانە لەسەر بنەمای تەكنیكی ئاڵۆز دروستكراوە، بەڵام ئێستا هەموو جیهانی ژمارە و كۆدە و ئەوەش لەكۆمپانیا ژاپۆنیەكاندا نییە، بۆیە سەروەری و مێژووی ئەوان رووبەڕووی داڕووخان و لەبیر چوونەوە بووەتەوە.