ئایفۆنێك لە زێڕ و ئەڵماس بە 17 ملیۆن دۆلار دروستكرا

دیزاینەرێكی بەریتانیایی بەناوبانگ كە بە دروستكردنی نموونەی شتی سەیر و سەمەرە لە بواری تەكنەلۆجیادا ناسراوە، ئایفۆنێكی 5 لە بەردی گرانبەها و زێڕ ی دروستكردووە كە بایی 17.8 ملیۆن دۆلارە. 
 
 
ئەو دیزاینەرە كە ناوی ستیوارت هیوزە، گوتی ئامادەكردن و دروستكردنی ئەو مۆبایلە ماوەی 9 هەفتەی ویستووە تا ببێتە گرانترین مۆبایل لە سەرانسەری جیهاندا.
 
ستیوارت بۆ دروستكردنی رووپۆشی مۆبایلەكە لە زێڕی عەیار 24 و رازاندنەوەی بە 600 پارچەی ئەڵماسی سپی كاری كرد.
 
هەرچی دوگمە پالاستیكییە تاقانەكەی مۆبایلەكەیە بە ئەڵماسێكی رەشی جۆری 26 قیرات گۆڕا و وەك ئەوەی دیزاینەرەكەی ئاشكرای كردووە، شاشەكەی لە یاقوت و شوشە دروستكراوە.
 
لۆگۆی ئەپڵیش لە پشتەوەی مۆبایلەكە بە 50 پارچە ئەڵماس رازێنرایەوە.
 
لەبەرئەوەی نرخەكەی زۆر گرانە، بۆیە هیوز بڕیاریداوە دانەیەكی‌دیکە لە هەمان مۆبایل دروست بكات كە هەرزانترە و نرخی تەنها 39 هەزار دۆلارە.