بەهۆی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، بەهای لیرەی توركی بەرانبەر بە دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەگەرچی بانكی ناوەندی توركیا لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری خستە بازاڕەوە. شارەزایانی ئابووری دەڵێن، ئەگەری كارەساتێكی ئابووری گەورە هەیە كە ئابووری توركیا دادەڕمێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی تشرینی یەكەم، بەهای لیرەی توركی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بە رێژەی 0.5 دابەزی، ئەمەش هاوكاتە بە تێپەڕبوونی كەمتر لە 24 سەعات بەسەر ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
بەپێی ئاماری “فینكس” بێت، بەیانی ئەمڕۆ لیرەی توركی بە رێژەی 0.5 بەرانبەر بە دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئێستە 585 لیرەی توركی بەرانبەر بە 100 دۆلاری ئەمەریكییە، ئەمەش ئەو ئاستەیە كە ماوەی سێ هەفتەیە حكوومەتی توركیا ئامادەكاری بۆ دەكات كە بەهای لیرەی توركی بەو رێژەیە بەرانبەر بە دۆلار دابەزین تۆمار نەكات.
بەردەوامی دەستوەردانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان، ئەگەری كارەساتێكی ئابووری گەورەی لەسەر توركیا لێ دەكرێت
شارەزایان لە ناوەندی “ئێس ئاند بی گلوبال ریتینگس” دەڵێن، بڕیاری ئۆپراسیۆنی سەربازی لەلایەن دەوڵەتی توركیا مەترسی گەورەی لەسەر بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار دەبێت.
بازرگانانی تورك دەڵێن، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بانكی نیشتمانی بڕی سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەكان بە مەبەستی پاراستنی بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار و رێگرتن لە دابەزینی نرخەكەی و گەیشتن بە 585 لیرە بەرانبەر بە 100 دۆلار، بەڵام هەوڵەكان شكستی هێناوە و ئێوارەی دوێنێ بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار گەیشتە ئەو ئاستە.
لە ماوەی ساڵی رابردوو تا ئێستە، لیرەی توركی بەرانبەر بە دۆلار تا 30% بەهای لە دەست داوە، بیوتەر ماتیس شارەزای ستراتیجی بازاڕ لە بانكی توركی كە سەر بە حكوومەتە دەڵێ، بەردەوامی ئۆپراسیۆن هێشتا نرخی لیرە بەرانبەر بە دۆلار دادەبەزێنێت.
وتی “ئەوەی وا دەكات لیرە نرخی دابەزێت، وەڵامی واشنتنە بەرانبەر بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ئەنكەڕە”.
شارەزایان كۆكن لەسەر ئەوەی بەردەوامی دەستوەردانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان، ئەگەری كارەساتێكی ئابووری گەورەی لەسەر توركیا لێ دەكرێت، ئابووری توركیا دادەڕمێت.