کۆنفرانسێکی بازرگانی لە وڵاتی پۆلەندا به‌رێوه‌ده‌چێت، بازرگانانی سلێمانیش ده‌توانن به‌شدار بن

ڕێکخراوی کورد— پۆلەندی بۆ گەشەپێدان ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی بازرگانی لە وڵاتی پۆلەندا بە ھەماھەنگی لەگەڵ (ژوورە بازرگانیەکانی وارشۆ) .

كۆنفرانسه‌كه‌ لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەم ٢٠١٩/١١ لە ژێر ناوی (لێک نزیک بوونەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی) بە ئامادەبونی چەندین کۆمپانیای پۆڵەندی سازده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی گەشەسەندنی بواری بازرگانی و ھەروەھا چۆنیەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و پۆلەندا.

دابان نەجمەدین ڕێکخەری پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بارەی مەرجەکانی بەشداریکردنەوە ڕایگەیاند: پێویستە کەسی بەشداربوو خاوەنی کۆمپانیا بێت لەگەڵ کۆپییەک لە بڕوانامەی کۆمپانیاکە و سیفی کاری کۆمپانیا وە دەبێت ناسنامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا دوا مۆڵەت بۆ ناونوسین بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە ڕۆژەی یەکشەممە ١٠/١٣ دەبێت.