داوا له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌کرێت زه‌وی بداته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت کارگه‌ دابمه‌زرێنن


شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌مه‌بەستی پیرۆزبایی كردن له‌به‌رپرسانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و تاوتوێ كردنی ڕه‌وشی بازرگانی و پیشه‌سازی و گه‌یاندنی داواكاریه‌كانی خاوه‌نكاران و پیشه‌سازانی کەرتی تایبەت سه‌ردانی شاری هه‌ولێریان كرد.

شانده‌كه‌ی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور به‌ سه‌رۆكایه‌تی سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژوور، كه‌ له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ رایگه‌یاند ”له‌سه‌ردانه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كۆبوینه‌وه‌ و پرۆژه‌ی گه‌نجیه‌كانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیمان تاوتوێ كرد و پێمانڕاگه‌یاند له‌ شاری سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بازرگانان و خاوه‌نكاران ئاماده‌ن كارگه‌ی گه‌وره‌ و مامناوه‌ند و بچوك دروستبكه‌ن ئه‌گه‌ر زه‌ویان بۆ دابین بكرێت و هاوكاری بكرێن تاكو بتوانن كێبركێی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكه‌ن”.

سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ”داوامان له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كرد  ناوچەی ئازار بخرێتە بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌كاركردن بكرێت بۆدروستكردنی ناوچه‌ پیشه‌سازیه‌كان و گرنگی به‌ پرۆژه‌ی بچوك بدرێت، جه‌ختیشمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێوسته‌ پیشه‌سازان له‌ كاتی هێنانی ئامێر بۆ كارگه‌كانیان له‌ گومرگ و باج ببه‌خشرێن  و ئەو پرۆژانە بخرێنە ناو یاسای وەبەرھێنانەوە تا بەزوویی جێ بەجێبکرێن و گرنگییان پێ بدرێت، لای خۆشیه‌وه‌  محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان به‌ڵێنی پێدان كه‌ كاری جدی له‌سه‌ر پێشنیازو داواكریه‌كانمان بكات و هه‌وڵی جدی بدات بۆ به‌هێزكردنی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری”.