پ.د عیزەدین مستەفا رەسول کۆچی دوایکرد

بەناوی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پرسەو سەرە خۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبو دەکەین  وە لە ناخەوە دڵگرانبوین بە کۆچی دوای پ.د عیزەدین مستەفا رەسوڵ.
ژییان نامەی کۆچکردوو.
 
پ. د عیزەدین مستەفا رەسووڵ، لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، مەلا مستەفای باوکی بە سەفەوەت ناسراوە و شاعیر و رووناکبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، دکتۆر عیزەدین لای باوکی لە مزگەوتەکەی خۆیان “مزگەوتی حاجی مەلا رەسووڵی دێلێژە”  دەست بە خوێندن دەکات، ساڵی ١٩٣٩ وەکو گوێگر و پاشان قوتابی لە قوتابخانەی “غازی” دەست بە خوێندن دەکات. 
سەرەتا لە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا دەست بە خوێندنی زانکۆ دەکات، بەڵام بەھۆی تێکەڵبوونی بە سیاسەتەوە خوێندنی پێ تەواوناکرێت و دەردەکرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەی باڵای مامۆستایان دەست بە خوێندن دەکاتەوە. بەھۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی ١٩٥٢ لە بەغدا بریندار دەبێت، لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ خانەی مامۆستایان تەواو دەکات و لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە بەغدا دادەمەزرێت. 
ساڵی ١٩٦٣ لە باکۆ دوکتۆرا وەردەگرێت، لەسەرداوای حیزبی شیوعی عێراقی دەچێتە سۆفیا پایتەختی بولگاریا، لەوێ سەرپەرشتی رادیۆی نھێنی دەنگی گەلی عێراق دەکات، ساڵی ١٩٦٥ دەگەڕێتەوە کوردستان دەبێت بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق، دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای سەرۆکی شۆرشی کورد، مەلا مستەفا بارزانی، بەھۆی ھەوڵدانی مەلا مستەفاوە لە زانکۆی بەغدا بەشی کوردی دادەمەزرێت، ساڵی ١٩٧٩ جارێکی دیکە دەچێتەوە مۆسکۆ و درێژە بەخوێندن دەدات.
عیزدەین مستەفا رەسوڵ لە ساڵی ١٩٤٧ لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە کاری سیاسی دەکات، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩ دەچێتە ریزەکانی حیزبی شیوعی عێراقییەوە و تاوەکو  ئێستایش ئەندامی ئەو حیزبەیە، ساڵی ١٩٩٢ دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی گرنگە لەسەر مێژووی ئەدەبی کوردی ئەمڕۆش لەتەمەنی ٨٥ ساڵیدا لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد