ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێزدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە بیناسازی لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەکرێتەوە.
لە پێشانگاکەدا، ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشداردەبن و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، هاوکات لە هەمانکاتدا پێشانگایەکی دیکەی تایبەت بە خۆراک و کشتوکاڵ دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای IFP-عێراق بۆ رێکخستنی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، جۆرج خوری راگەیاند : “لەم پێشانگایەدا ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، ھاوکات دوو پێشانگای گرنگ دەکرێنەوە، یەکەمیان پڕۆجێکت عێراق کە پێشانگای بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ کەرتەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و کارەبا و دووەمیشیان پێشانگای خۆراکی کشتوکاڵییە”.
سێزدەهەمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی ھەولێر، رۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار و پانێڵ بەڕێوەدەچێت.