بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەروازەی سنوریی قائیم لەنێوان عیراقو سوریا، بەڕووی هاتووچۆی گەشتیارانو ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بكرێتەوە.
(كازم محەمەد بەرسیم عەقابی) سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی دەروازەی قائیم بەرووی گەشتیاران و جموجۆڵی بازرگانی راگەیاند.لای خۆشیەوە (عەلائەدین قەیسی) بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رایگەیاند، شەوی رابردوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی، كە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەروازەی سنووریی قائیم لە پارێزگای ئەنبار بەڕووی هاتووچۆی گەشیارانو ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بكرێتەوە.
دەروازەی قائیم یەكێكە لە چوار دەروازە سنوورییەكەی نێوان عیراقو سوریا، كە دوای داگیركردنی چەند ناوچەیەكی سوریاو دەروازەی قائیمو پارێزگای ئەنبار لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داخرا.