وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، نه‌مانی پاره له بانكه‌كاندا ته‌نها تووشی سلێمانی نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌ولێریشی گرتووه‌ته‌وه، هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی پاره‌كه‌ش بۆ سیاسه‌ته‌كانی بانكی ناوه‌ندی و حكومه‌تی عیراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له‌كاتی خۆیدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم نانێرێت.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: “هه‌ندێ جار مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی پاره له بانكه‌كاندا وه‌ك له بانكه‌كانی جیهانیشدا هه‌یه، هۆكاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هۆكاره‌كان كاتین، مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی پاره له بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نها بانكه‌كانی سلێمانی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكوو له هه‌ولێریش ئه‌مه ڕووی داوه.
ده‌قی ڕونكردنه‌وه‌كه:
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
ڕۆژنامه‌ی (هاووڵاتی) له ژماره (1039)ی سێشه‌ممه 23/4/2013دا، ڕاپۆڕتێكی به ناونیشانی (ناكۆكیه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی پاره‌ی له بانكه‌كاندا نه‌هێشتووه) بڵاو كردووه‌ته‌وه كه سه‌رله‌به‌ری له ڕاستیه‌وه دووره!دیاره ماوه‌یه‌كه هه‌ندێ له ڕۆژنامه و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو؛ ئه‌م جۆره بابه‌تانه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه هیچ بنه‌ماێكی زانستیی دارایی و بانكییان تێدا نیه.
بۆیه‌شه بۆ به‌رچاوڕوونیی هاووڵاتیان ئه‌م چه‌ند چه‌ند خاڵه ده‌خه‌ینه ڕوو:
1- دیاره هه‌ندێ جار مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی پاره له بانكه‌كاندا وه‌ك له بانكه‌كانی جیهانیشدا هه‌یه؛ هۆكاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هۆكاره‌كان كاتین، مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی پاره له بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش؛ ته‌نها بانكه‌كانی سلێمانی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكوو له هه‌ولێریش ئه‌مه ڕووی داوه.
2- نه‌بوونی پاره له بانكه‌كانی هه‌رێم ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و بانكی ناوه‌ندیی عێراق په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن له پێدانی به‌شه بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كه تا ئێستاش به‌یه‌كه‌وه نادرێت؛ به‌ڵكو به شێوه‌ی (قیست) ده‌درێت، قیسته‌كانیشی كه‌م كراوه‌ته‌وه و دوا ده‌خرێن.
3- جگه له‌وه‌ش له سه‌ری ساڵدا كێشه‌یان دروست كرد كه به (یه‌ك له‌سه‌ر دوازده) پاره‌كانیان ڕه‌وانه ده‌كرد، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی (600) ملیار دینار كه‌متر وه‌ربگرین.
4- پێشووتر سیووله‌ی نه‌قدی له بانكه‌كانمان زۆر بووه، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق به بێ جیاوازی سیووله‌ی نه‌قدی بۆ هه‌موو بانكه‌كانی پارێزگاكانی عێراق ده‌نارد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و سیووله نه‌قدیه بۆ بانكه‌كانمان نانێرن، چونكه پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق گۆڕاوه و ئێستا كه‌سێكی دیكه‌یه.
5- ئێمه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانكه‌كانمان پاره نادات بۆ قه‌رزه‌كانی (خانووبه‌ره و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و هاوسه‌رگیری و….هتد) چونكه په‌رله‌مانی كوردستان قازانجی له سه‌ر قه‌رزه‌كانی پێشینه‌كان حه‌رام كردووه، كه‌چی له هه‌موو بانكه‌كانی جیهاندا بانكه‌كان قه‌رزی بێ قازانج ناده‌ن، ئه‌وه ته‌نها له كوردستان بوونی هه‌یه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له سنووری (4) ترلیۆن دینار به‌و قه‌رزانه بدرێت، ئه‌مه‌ش له سه‌ر نه‌قدیه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی خه‌رج كراوه، بێ ئه‌وه‌ی بخرێته ناو بوجه‌وه، له به‌رئه‌وه‌ی قه‌رز ناخرێته ناو بودجه‌وه.
6-هه‌ر لێره‌وه سه‌رتاسه‌ری ئه‌م هه‌واڵه‌ش ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه هیچ كێشه‌یه‌ك له نێوان به‌رێزان وه‌زیری دارایی و بریكاری وه‌زاره‌تدا هه‌بێت، یاخود به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌وامی نه‌كردبێت و ده‌ستی له كار كێشابێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ ده‌سه‌ڵات بێت.
ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری
23/4/2013