كۆمپانیایەكی رووسی ئۆفەرێكی پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تەكنەلۆجیای عێراق كردووە، بە ئامانجی بیناتنانی پرۆژهیهكی ئەتۆمی بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بواری ئاشتی و پزیشكیدا.
لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تەكنەلۆجیای عێراق هاتووە، قوسەی سوهەیل، وەزیری خوێندنی باڵای و توێژینەوەی زانستی و تەكنەلۆجیا لەگەڵ شاندێكی باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەغدا، كۆبووەتەوە.
هاوکات بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، قوسەی سوهەیل لەو ئۆفەرە ئاگادار كراوەتەوە كە كۆمپانیای “Rosatom “ی رووسی كە كۆمپانیایەكی گشتییە، بە ئامانجی بنیاتنانی پرۆژهیهكی ئەتۆمی لە عێراق پێشكەشی كردووە.
شایەنی باسە لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەگەر پرۆژه ئەتۆمییەكە بنیات بنرێت، ئەوا لە بواری ئاشتی و پزیشكیدا بەكاردەهێندرێت.
جێگای ئاماژەیە لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە کە گفتوگۆكراوە سەبارەت بە بنیاتنانی پرۆژه ئەتۆمییەكە لە عێراق بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی رووسیا.
لای خۆیەوە شاندەكەی رووسیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشانداوە لەوەی خواستی هاوكاری هەیە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكانی پەیوەندار بەو پڕۆژەیە بە ئامانجی گەیشتن بە هاوبەشی بۆ بنیاتنانی پرۆژه ئەتۆمییەکە.