ئەڵمانیا بەبەهای زیاتر لە (17) ملیۆن یۆرۆ هاوكاریی عێراق دەكات


حكومەتی ئەڵمانیا بەبەهای (17.5) ملیۆن یۆرۆ و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی هاوكاریی عێراق دەكات.

یۆخن مۆلەر كاربەڕێكەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا رایگەیاند: عێراق هێشتا لە قۆناغی بنیاتنانەوەی دەوڵەتدایە بەجۆرێك كە لەگەڵ داهاتو بگونجێت و هاوڵاتیانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەربۆیە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ زۆرترین ئەو چین و توێژانەی كە ئاستی ژیانیان خراپە.

ئەو هاوكارییە لەلایەن هەریەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و وەزارەتی ئیتیحادی ئەڵمانیا بۆ هەماهەنگیی ئابوری و گەشەپێدان پێشكەش بە عێراق دەكرێت كە بەهۆیەوە (286) هەزار ئاوارەی سوری سودمەند دەبن لەگەڵ (52) هەزار (200) ئاوارەی گەڕاوە.

عەبدولڕەحمان میجاج نوێنەری پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی لە عێراق رایگەیاندوە: ئەو هاوكارییەی ئەڵمانیا دەبێتە هۆی دابینكرنی هەلی كار و باشكردنی بژێوی ژیانی خێزانە هەژارەكان و بەو هۆیەشەوە دەبێتە هاندەرێكی باش لە بەدیهێنانی خۆبژێوی بۆ ماوەیەكی درێژ.