ئەمڕۆ دوشەممە (23/9/2019) كۆمپانیای (تۆماس كۆك)ی بەریتانیی كە كۆنترین كۆمپانیای گەشتوگوزارییە لەسەر ئاستی جیهان مایەپوچبونی خۆی راگەیاند و لە دادگای باڵای بەریتانیا داوا دەكات بە ناچاری هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كۆمپانیاكە رایگەیاندوە: سەرەڕای هەوڵە زۆرەكانیان، بەڵام گفتوگۆكانیان نەگەیشتنە رێككەوتن لەنێوان خاوەن پشك و خاوەنی كۆمپانیاكە، بەو هۆیەوە دەستەی كارگێڕیی كۆمپانیاكە گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی كە هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەستدا نییە جگە لە گرتنەبەری چەند هەنگاوێك بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی ناچاری.
بەرپرسانی بواری فڕۆكەوانیی مەدەنی لە بەریتانیا بڵاویانكردەوە، كۆمپانیای تۆماس كۆك كە مایەپوچبونی خۆی راگەیاندوە، لە كارەكانی وەستاوە.
هاوكات كۆمپانیای تۆماس كۆك لەسەر سایتی رەسمیی خۆی بڵاویكردوەتەوە كە “سەرجەم گەشتەكانی راگرتوە.”
رۆژی هەینی رابردو كۆمپانیای تۆماس كۆك لە بۆرسەی لەندەن پاشەكشەی زۆری بەخۆوە بینی و بەهای پشكەكانی بەرێژەی (20%) دابەزینی بەخۆوە بینی.
راگەیاندنی مایەپوچبونی كۆمپانیای تۆماس كۆك مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەت لەبارەی چارەنوسی (22) هەزار كارمەندی ئەو كۆمپانیایە كە نۆ هەزار كارمەندیان لەناوخۆی بەریتانیا كار دەكەن.
مایەپوچبونی تۆماس كۆك وەك گورزێكی كاریگەر بۆ كەرتی گەشتوگوزاریی ئەوروپی لێكدەدرێتەوە.