گەشتیارانی عێراق ئابوریی ئێران لە هەرەسهێنان رزگار ده‌كه‌ن


هاوڵاتیانی عێراق بە لێشاو رو لە ئێران دەکەن و ئەمەش ئابوریی ئەو وڵاتە لە هەرەسهێنان رزگار دەکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ لە ساڵێکدا حەوت ملیۆن گەشتیار رویان لە وڵاتەکەیان کردوە کە زۆربەیان هاوڵاتیی عێراق بون و نزیکەی دو ملیار و (517) ملیۆن دۆلاریان  لەو وڵاتە خەرج کردوە.

وەلی تەیموری، جێگری بەڕێوبەرایەتی گەشت و گوزار و شوێنەوارە مێژوییەکانی ئێران رایگەیاندوە؛ لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا یەک ملیۆن (690) هەزار گەشتیاری عێراقی رویان لە وڵاتەکەی کردوە و هەر یەکەیان نزیکەی پێنج شەو و رۆژ ماونەتەوە.

تەیموری ئاماژەی بەوە کردوە؛ پێدەچێت لە ساڵێکدا زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە مەبەستی گەشت و چارەسەری تەندروستی رو لە ئێران بکەن و هەر یەکەیان بەتێکڕا (1400) دۆلار خەرج دەکەن.

لەبەرامبەردا چەند سەرچاوەیەکی ئێران ئاشکرایان کردوە؛ تێکڕای خەرجکرنی پارە لەلایەن گەشتیارانی عێراقەوە دەگاتە (630) دۆلار بۆ هەرکەسێک و ئەوەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی بازاڕەکان و ئەو وڵاتەش لە فشاری سزا داراییەکانی ئەمەریکا دەرباز دەکات.