نەوت له‌ به‌سته‌ڵه‌كی‌ باكوور

پارتی‌ كرێكاری‌ فه‌رمانڕه‌وا له‌ نه‌رویج بۆ قه‌ربووكردنه‌وه‌ی‌ دابه‌زینی‌ به‌رده‌وامی‌ به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕی‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ به‌سته‌ڵه‌كی‌ باكوور له‌به‌رده‌م گه‌ڕان ‌و پشكنین به‌دوای‌ نه‌وت ‌و غازدا، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتر گه‌ڕان به‌دوای‌ نه‌وت-دا له‌ زۆرێك له‌و ناوچه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ بوو، هه‌روه‌ك ژینگه‌ پارێزان ‌و سه‌رمایه‌گوزارانی‌ بواری‌ گه‌شتوگوزار دژی‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك بوون بۆ گه‌ڕان ‌و پشكنین به‌دوای‌ نه‌وت ‌و غاز له‌و ناوچه‌یه‌.
پارتی‌ كرێكاری‌ فه‌ڕمانره‌وا له‌ نه‌رویج ده‌نگی‌ دا بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ جارێكی‌ تر له‌ساڵی‌ 2015 ده‌خاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی‌ نه‌وتی‌ له‌ به‌سته‌ڵه‌كی‌ باكوور بخرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
به‌رهه‌می‌ نه‌وت ‌و داهاته‌كه‌ی‌ شا ده‌ماری‌ ئابووری‌ نه‌رویج پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ نه‌رویج حه‌وته‌م گه‌وره‌ وڵاتی‌ هه‌نارده‌كاری‌ نه‌وته‌ له‌جیهاندا، هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كاری‌ گازی‌ سروشتیه‌ له‌ خۆر ئاوای‌ ئه‌وروپا.
كه‌رتی‌ وزه‌ له‌نه‌رویج به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام پێویستی‌ به‌ گه‌ڕان ‌و پشكنین به‌دوای‌ نه‌وتدا له‌ ناوچه‌ی‌ نوێی‌ ئه‌و وڵاته‌ تا سنوریك بۆ دابه‌زینی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌می‌ نه‌وت له‌ نه‌رویج  دابنرێت، بۆیه‌ كۆمپانیاكانی‌ وزه‌ داوا ده‌كه‌ن رێگه‌یان پێبدرێت گه‌ڕان ‌و پشكنین بكه‌ن به‌دوای‌ نه‌وت له‌ دورگه‌ی‌ لۆڤوتین.
له‌مساڵدا به‌رهه‌می‌ نه‌وت له‌ نه‌رویج بۆ نزمترین ئاستی‌ له‌ماوه‌ی‌ 25 ساڵی‌ رابردوودا داده‌به‌زێت، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌ده‌ریای‌ باكوور به‌ره‌و نه‌مان چوو.
 
له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌نه‌رویج له‌شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی رابردوه‌وه‌، ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گرنگ بۆ دابینكردنی‌ نه‌وت بۆ ئه‌وروپا.
له‌ساڵی‌ 2001 به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ نه‌رویج گه‌یشته‌ لوتكه‌، كاتێك ئه‌و وڵاته‌ توانی‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام له‌ساڵی‌ 2012 به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وت له‌ نه‌رویج دابه‌زی‌ بۆ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن ‌و 600 هه‌زار به‌رمیل.