وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە نێو یەک کەشتیداین و دەبێت بە ڕێککەوتن بگەین


وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت ”رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر پرسی نەوت كاریگەری لەسەر بوودجەی ساڵی 2020ی عێراق دەبێت”.

لە لێدوانێكدا سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند “گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رادەست كردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە حكوومەتی عێراق بەردەوامە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی هەرێمی كوردستانین”.

 باسی لەوەش كرد “رێككەوتنی نەوتی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كاریگەری لەسەر بوودجەی ساڵی 2020ی عێراق دەبێت”.

وه‌زیری نه‌وتی حكومه‌تی عێراق ڕاشیگەیاند ”ڕێككه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر پرسی نه‌وت، واده‌كات هه‌نارده‌ی ڕۆژانه‌ی نه‌وتی عێراق بۆ چوار ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل به‌رز بێته‌وه‌”.

پێشتر ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكرده‌وه‌، ”عێراق ده‌یه‌وێت به‌ ڕێككه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پله‌ی دووه‌می وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ڕێكخراوی ئۆپیک به‌ده‌ست بهێنێت”.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق گه‌شبینی خۆی به‌ ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم نیشاندا و وتی “هه‌ردوولا له‌یه‌ک كه‌شتیداین، بۆیه‌ پێویسته‌ بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن”.