پارێزگاری کرماشان بە سەردانێک گەیشتە مەرزی شۆشمێ و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کێشە و دەرفەتەکانی ئەو سنوورە کرا.
هوشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشان بە سەردانێک، مەرزی شۆشمێی بەسەر کردەوە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ”بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە مەرزی شۆشمێوە هاتوچۆی گەشتیار ئەنجام بدرێت”.
بازوەند ئاماژهی بهوهش دا ماوەیێک لەوەو پێش مەرزی شۆشمێ لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا کرایە مەرزی فەرمی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیار.
ناوبراو ئاشکراشی کرد ”بە ڕێژەی یەک ملیار و 200 ملوێن تمەن گوژمە بۆ تەواوکردنی ژێرخانی پێویست لە سنوورەکە تەرخان کراوە و ئێستاش کاری جادەسازی و ئاوەدانکاری لەو سنوورەدا ئەنجام دەدرێت”.
بازوەند زیادیشی کرد ”داواکارییێکی جیدیی خەڵکی هەورامان ئەوەیە کە جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی هاتوچۆی گەشتیاریش لە سنووری شۆشمێوە ئەنجام بدرێت. بۆیە لایەنی ئێرانی بە فەرمی ڕێگەی هاتوچۆی گەشتیاری لەو سنوورەوە داوە بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ئەو بابەتەیان پەسەند نەکردووە”.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتیشی ”وەک یەکەم هەنگاو لەگەڵ پارێزگاری ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەین بەڵکوو کێشەی هاتووچۆی گەشتیار لەو مەرزەوە چارەسەر بکرێت”.