دەیان عێراقی دژ بە دەستوەردانی باڵوێزی توركیا لە بەغدا لە بازاڕ و دنەدانی بازرگانان لە هاوردەكردنی هێلكەی توركی، رژانە سەر شەقام و داوا لە وەزارەتی كشتووكاڵ دەكەن رێگە بە بازرگانان نەدەن چیتر هێلكەی توركی هاوردە بكەن.
ئەمڕۆ پێجشەم 12ی ئەیلوول، دەیان هاووڵاتی عێراقی لە بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵ گردبوونەوە و سەركۆنەی دەستوەردانی باڵوێزی توركیایان لە بازاڕەكان كرد و رایان گەیاند، فاتح یەڵدز دەستوەردانی لە ئابووری عێراق كردووە.
خۆپیشاندەران بە دروشمی پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆ، سەركۆنەی سەردانی فاتح یەڵدز، باڵوێزی توركیا بۆ لای بازرگانان كرد كە داوای لێ كردبوون بەدەم بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ نەچن لە هاوردە نەكردنی هێلكەی توركی و پێی راگەیاندبوون كە ئاسانكاری گومرگیان بۆ دەكات.
ئەو هەوڵەی باڵوێزی توركیا لە بەغدا دوای بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ دێت بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكەی توركی كە مانگی رابردوو دەری كردبوو، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ بەرهەمهێنەرانی توركیا دروستكردووە و تا ئێستا بەگوێرەی زانیارییەكان 17 ملیۆن مریشكیان سەربڕیوە و هەشت بازرگانی سێكتەری پەلەوەریش مایەپووچ بوون و نرخی هێلكەشی لە بازاڕەكانی توركیا زۆر دابەزاندووە.
وەزارەتی كشتووكاڵ لە یەكی ئابی رابردوو بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكەی توركی راگەیاند بەهۆی كاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی نیشتمانی. لە بڕیارەكەی وەزارەتی كشتووكاڵ هاتووە كە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات هاوردەی هێلكەی توركی قەدەغە بكات.
لێكەوتەی بڕیارەكەی وەزارەتی كشتووكاڵ بەگوێرەی زانیارییەكان بووەتە هۆی رەخساندنی زیاتر لە پێنج هەزار هەلی كار لە پارێزگای دیالە و بوژانەوەی سێكتەری پەلەوەر و كێڵگەی پەلەوەری مریشك لە سەرتاسەری عێراق.
بەگوێرەی راپۆرتێكی پێشتری رۆژنامەی “زەمان”ـی توركی، بازاڕی عێراق 20%ـی بەرهەمی هێلكەی توركی تێدا ساغ دەكرایەوە، بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق، زیانێكی كوشندەی لە سێكتەری پەلەوەر و هێلكەی توركی داوە و وای كردووە نرخی لە بازاڕەكانی ناوخۆی توركیا زۆر دابەزێت كە ئەمەش بازرگانانی ئەو سێكتەرەی نیگەران كردووە و خەڵكی دڵخۆش كردووە.
رۆژنامەكە دەڵێ، تا ئێستا زیاتر لە 17 ملیۆن مریشك لەلایەن كێڵگەكانی پەلەوەر بە ناچاری سەربڕاون و هەشت بەرهەمهێنی هێلكەش مایەپووچ بووینە.