لە سەرەتای ئەمساڵ یەك ملیۆن و ٧٥٠ هەزار گەشتیار هاتووەتە هەرێم


وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێژەی هاتنی گەشتیاران لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر بووە لە پێشبینییەكەیان .

نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە(راچڵەكین)ی راگەیاند” لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ، یەك ملیۆن و ٧٥٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەمەش لە پێشبینی ئێمە زیاتر بووە و پلانی ئێمە ئەوەبوو بۆ كۆتایی ساڵ رێژەی هاتنی گەشتیاران بگاتە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار، بەڵام لە شەش مانگی یەكەم نیوەی ئەو رێژەیە تێپەڕی و پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ساڵ رێژەكە لە پێشبینییەكانی ئێمە زیاتر بێت”.

وتیشی ” شەش مانگی سەرەتای ساڵی پار رێژەی هاتنی گەشتیاران یەك ملیۆن و ٣١٠ هەزار گەشتیار بووە، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە زیاترە لە ساڵی پار و ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر كەرتی گەشتیاریدا هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە چەند رێنماییەكمان بۆ ئاسانكاری گەشتیاران دەركردووە”.

نادر رۆستی ئاماژەی بەوەكرد “هەر گەشتیارێك كە تێبینی لەسەر شێوازی گەشتیاری هەیە گوێی لێ دەگرین و كاری لەسەر دەكەین، لەماوەی رابردووشدا ئەوەمان كردووە، بۆ نموونە لەدوای جەژن گلەیی لە نرخی ئەو كەپرانە كرا كە گەشتیار لێی دەمانەوە، ئێمە هەڵساین بە دەركردنی نووسراوێك كە خاوەن كەپرەكان ناچارن نرخەكانیان هەڵواسن بۆ ئەوەی گەشتیار ئازادبێت، ئەمەش یەكێكە لەو رێگایانەی كە ئیستیغلالكردنی گەشتیاران كەمدەكاتەوە”.

نادر روستی لەبارەی شێوازی مامەڵەكردنی دەستەی گەشتوگوزار لە ئەگەری سەرپێچیكردن لە لایەن خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان وتی “لەماوەی رابردوودا شوێنی زۆر سزادراون بەپێی جۆری سەرپێچییەكان چونكە ئەندامی ئێمە لە لیژنەی قایمقامیەت هەیە و بەردەوام سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن و داوشمان كردووە هەر كەس تێبینی لەسەر شوێنێكی گەشتیاری هەیە ئاگادارمان بكاتەوە”.