رۆژانە 100 تۆن گۆشتی سوور لە سلێمانی دەخورێت

رۆژانە نزیکەی 100 تۆن گۆشتی سوور و 80 تۆن گۆشتی مریشک و 20 تۆن گۆشتی ماسی، لەبازاڕەکانی سلێمانیدا ساخدەبێتەوە، لیژنەی باڵای بەروبوومی پەلەوەر و گۆشتی سلێمانیش، بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ، بۆ سێ مانگی داهاتوو داوای هاوردەکردنی 15 هەزار سەر رەشەوڵاخی کردووە.
 
سۆران عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی باڵای بەروبوومی پەلەوەر و گۆشتی  سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا، پێویستیان بەهاوردەکردنی گۆشتی مریشک نەبووە، چونکە بەرهەمی ناوخۆ  پێداویستی بازاڕی پڕکردووەتەوە.
 
ئەندامی لیژنەی باڵای بەروبوومی پەلەوەر و گۆشتی  سلێمانی دەڵێت، لە مانگی رابردوودا 600 تۆن ماسی و 500 تۆن گۆشتی سووری بەستووهاوردەکراوە، بەڵام دەرگا کراوەبووە بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندووی رەشەوڵاخ، بەڵام تاوەکو سێ مانگی داهاتوو تەنیا رێگە بە 15 هەزار سەر رەشەوڵاخ دەدرێت هاوردە بکرێت، ئەوەش پێداویستی بازاڕ  پڕدەکاتەوە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە داواکراوە 11 ملیۆن هێلکە هاوردە بکرێت، بەڵام نەتوانراوە ئەوە بڕە هێلکە دابینبکرێت، بەڵام بەهۆی کوالێتی  خراپەوە رێگە لەهاوردەکردنی گیراوە.