دەزگای ئامار ئاشکرای کرد؛ ساڵی رابردوو عێراق بە بڕی زیاتر لە 100 ترلیۆن دینار نەوت و بەرهەمەکانی سووتەمەنی و کاڵا و شمەکی هەناردەی دەرەوە کردووە.
دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق، بڵاوی کردەوە؛ ئاستی هەناردەکردنی عێراق لە ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی پێشوتر بە رێژەی 41.9% زیادی کردووە، بە جۆرێک لەو ساڵەدا بە بەهای 100.7 ترلیۆن دینار نەوت و بەرهەکانی سووتەمەنی و کاڵا و شمەک هەناردە کراوە، لە کاتێکدا ساڵی 2017 بە بڕی 71 ترلیۆن دینار نەوت و کاڵا و شمەک هەناردە کراوە.
بەپێی ئامارەکە؛ ساڵی رابردوو داهاتی نەوتی هەناردەکراو 99.1 ترلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا ساڵی 2017 بەهای نەوتی هەناردەکراو 70 ترلیۆن دینار بووە، بەوەش دەردەکەوێت هەناردە کردنی نەوت بە رێژەی 40.7% زیادی کردووە.
دەزگای ئامار ئاشکرای کردووە؛ هەر ساڵی رابردوو بە بەهای یەک ترلیۆن و 212 ملیار دۆلار کاڵا و شمەکی دیکە هەناردە کراوە، لە کاتێکدا ساڵی 2017 بەهای کاڵای هەناردەکراوی عێراقی تەنها 348 ملیار دینار بووە، بەوپێیەش ئاستی هەناردەکردنی کاڵا و شمەکی دیکە بە رێژەی 247% زیادی کردوە.
دەزگای ناوەندیی ئاماری بڵاوی کردەوە؛ نەوت رێژەی 95%ی کۆی بابەتی هەناردەکراوی عێراق پێکدەهێنێت، بەوەش عێراق دەچێتە ریزی وڵاتانی بەکاربەرەوە کە زۆرترین داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێت و زۆرینەی پێداویستییەکانی رۆژانەی هاوردە دەکات.