كارگه‌ی‌ خوری‌ ته‌قته‌ق ده‌درێته‌ شاره‌وانی‌

دوای‌ نۆژه‌كردنه‌وه‌ی‌ كارگه‌ی‌ كۆنی‌ خوری‌ ته‌قته‌ق، كه‌ زیاتر له‌پێنج ساڵه‌ نۆژه‌ن نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ده‌درێته‌ شاره‌وانی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو باشتر ڕاییكردنی‌ ئیش‌و كاری‌ هاوڵاتیانی‌ ناوچه‌كه‌. 
(سه‌ركه‌وت ڕه‌سوڵ) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ ته‌قته‌ق به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ ته‌قته‌ق ڕه‌زامه‌ندیی‌ ده‌ربڕیوه‌، بینای‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ دوای‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ بدرێته‌ شاره‌وانی‌، كه‌ ئێستا له‌ناو بازاڕی‌ ناحیه‌كه‌دایه‌، له‌هه‌مان كاتدا شوێنی‌ شاره‌وانیش ده‌كرێته‌ پاركێكی‌ گه‌وره‌، بۆ حه‌وانه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ ناحیه‌كه‌. 
لای‌ خۆیشیه‌وه‌، (ئازاد مامه‌ند) سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ته‌قته‌ق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، بینای‌ كۆنی‌ كارگه‌ی‌ خوری‌ ته‌قته‌ق نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی‌ بۆ دابینده‌كرێت، شاره‌وانی‌ ته‌قته‌ق ده‌گوزارێته‌وه‌ بۆ ناو بینایه‌، له‌پێناو ڕاپه‌ڕاندنی‌ ئیش‌و كاری‌ هاوڵاتیانی‌ سنوره‌كه‌.
(جه‌عفه‌ر سواره‌) یه‌كێك له‌كارمه‌ندانی‌ پێشووی‌ كارگه‌ی‌ خوری‌ ته‌قه‌ته‌ق ڕوونیكرده‌وه‌، بینای‌ كۆنی‌ كارگه‌كه‌ (20-9-1998) دروستكراوه‌‌و بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌دا بووه‌و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، دواتر بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك كاریكردو له‌ساڵی‌ (2007)دا، ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌ته‌قته‌ق نه‌ماو كارمه‌نده‌كانی‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ كارگه‌ی‌ توتنی‌ كۆیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن له‌وێ‌ درێژه‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن.