گه‌له‌ری سه‌رچاوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ نوێیه‌كان له‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی كرایه‌وه‌


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ له‌ رێوره‌سمێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی بیانی و كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی سلێمانی ئاماده‌ی بون، گه‌له‌ری سه‌رچاوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ نوێیه‌كان له‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی كرایه‌وه‌.

به‌ئاماده‌بوونی  كونسوڵی به‌ریتانیا و پارێزگاری سلێمانی و سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجمه‌نی كارگێری ژوور و به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ حوكمه‌یه‌كان گه‌له‌ری سه‌رچاوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ نوێیه‌كان له‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی كرایه‌وه‌.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ”هه‌رێمی كوردستان به‌ لانكه‌ی شارستانیه‌ت ناسراوه‌ و كۆنترین گوندی كشتوكاڵی له‌ جیهاندا گوندی چه‌رمووه‌ له‌ نزیك پارێزگای سلێمانی له‌ ده‌هه‌زار ساڵ پێش ئێستاوه‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری تێدا كراوه‌ و خاوه‌ن چه‌ندین پارچه‌ شوێنه‌واری كه‌له‌پوری گرنگه‌ بۆیه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ پێویست ده‌زانین تاكو له‌ رێگایه‌وه‌ مناڵانی كوردستان ئاشنای شارستانیه‌ت و كه‌لتور و ئاسه‌واری نیشتیمانه‌كه‌مان بن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ده‌ستخۆشی له‌ به‌ریوبه‌ر و فه‌رمانبه‌رانی مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی و دكتۆر كلاودیا گلاتز و كونسوڵی به‌ریتانیا و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ین  که‌ به‌شێوه‌یه‌کی مۆدێرن مۆزه‌خانه‌ی سلێمانیان پێشخستووه‌ هه‌وڵی پێشخستنی ده‌ده‌ن.

دكتۆر كلاودیا گلاتز، مامۆستای زانكۆی گلاسگۆ و به‌رێوبه‌ری پرۆژه‌كه‌ رایگه‌یاند ”مه‌به‌ست له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له‌رییه‌ نوێیه‌ سه‌رچاوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌ له‌و پێناوه‌دا بتوانین یارمه‌تی خه‌ڵك بده‌ین، تا زۆرتر سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ بكه‌ن و كاتێكی خۆشی لێ به‌سه‌ربه‌رن به‌ كه‌له‌پوری مێژوی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ ئاشنا بكرێن.

شایه‌نی باسه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یه‌كه‌مین گه‌له‌ری مۆزه‌خانه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ پێناو په‌روه‌رده‌ كردن و دڵخۆش كردنی مناڵاندا ئاماده‌ كرابێت و ته‌واو كه‌ری پرۆگرامی خوێندنه‌.

مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی، مۆزه‌خانه‌یه‌كی شوێنه‌واریه‌ له‌ ساڵی (1961) له‌ ماڵێكی بچوك له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕش دانراوه‌ و له‌ ساڵی (1981) گواسترایه‌وه‌ بۆ ئه‌و جێگایه‌ی ئێستای كه‌ شه‌قامی سالمه‌ له‌ شاری سلێمانی، ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ پله‌ی ده‌هه‌مینی هه‌یه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌كانی عێراق و چه‌ندین پارچه‌ی شوێنه‌واریی میزۆپۆتامیای تێدایه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاخه‌كانی به‌ردین و چاخه‌كانی دواتر، له‌ پاڵ ئه‌مانه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ پاشماوه‌ مێژوویی و كه‌له‌پوریه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان كۆ بكاته‌وه‌ به‌و ئامانجه‌ی مۆزه‌خانه‌كه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌نتر بكات له‌ ڕووی پێك هاته‌ شوێنه‌واریه‌ دێرینه‌كانه‌وه.