ئەمڕۆ پێشانگایەکی هەمەرەنگ لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی ههولێر کرایەوە کە تێیدا کۆمەڵیک کۆمپانیای تورکی، میسری، ئێرانی و ژمارەیەکی دیکەی کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی بەشدار بوون.
لە پێشانگاکەدا کە ٩ وڵات و ١٦٥ کۆمپانیا بەشداربوون، زۆرێک لە براندەکانی دروست کردن و فڕۆشتنی پێڵاو، جلوبەرگ، کەرەستەی پلاستیکی و کەلوپەلی کارەبایی هەمەجۆر نمایش کرا.
پێشانگاکە لەلایەن نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر و کۆمەڵیک بازرگان کرایەوە.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن وتی، “جێگەی دەستخۆشییە کە ئەمڕۆ لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر پێشانگایەکی تایبەت بە ئێکسیسوارات و پیترۆئەلیکتۆنیات دەکرێتەوە و زیاد لە ٩ وڵات و ١٦٥ کۆمپانیا تێیدا بەشدار دەبن”.
پارێزگار نەوزاد هادی وتیشی، “نرخەکان زۆر هەرزانن کە توانای کێبڕکێیان هەیە. سیاسەتی حکوومەتی هەرێمیش هەمیشە ئامانجی ئەوەبووە کە بازاڕی ئازاد دروست بکات و کۆمپانیا بیانییەکان بە ئاسانی بتوانن کەلوپەلەکانیان بخەنە بەردەم خەڵکی کوردستان”.
هاوکات پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد کە جێەگەی دەستخۆشییە کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش لە پاڵ کۆمپانیا بیانییەکان توانیویانە بەرهەمیان هەبێت و بیخەنەڕوو.