عێراق دوورگەیەكی پیشەسازی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاو بنیات دەنێت

كۆمپانیای نەوتی بەسرە سەربە حكوومەتی عێراق رایگەیاند ”لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای (Boss Calls)ی هۆڵەندی واژوو دەكات”.

واژوو کردنی ئەو یاداشتنامەیەش بە مەبەستی بنیاتنانی گەورەترین دوورگەی پیشەسازی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاو لە ناوچەیەكی باكووری كەنداو.

ئێحسان عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی بەسرە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلسەباح” ئاشكرایكردووە ”لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، یاداشتنامەكە لەگەڵ كۆمپانیای (Boss Calls) هۆڵەندی واژوو دەكەن كە پێكەوە پلانێكی هاوبەش بە سەرجەم وردەكارییە هونەرییەكان دادەنێن بە مەبەستی بنیاتنانی دوورگەیەكی پیشەسازی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاو لە ناوچەیەكی باكووری كەنداو كە بە گەورەترین دوورگەی پیشەسازی دادەنرێت لە جیهان”.

ئێحسان عەبدولجەبار راشیگەیاندووە ”نوێنەری وەزارەتی نەوت لە كۆمپانیای نەوتی بەسرە گرێبەستێكی هەڵسەنگاندنی راوێژكایی واژوو دەكات، ئەوەش رێگا بۆ عێراق خۆش دەكات بۆ چوونە ناو پڕۆژەكانی پیشەسازی نەوتی دەریایی لە داهاتوودا و زیادكردنی سەرچاوە داراییەكان لە بوودجەی گشتیدا”.

بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی بەسرە ئاماژەی بەوەیشكردووە كە پڕۆژەی بنیاتنانی دوورگە نەوتییەكە تا ساڵی ٢٠٢٢ تەواو دەكرێت كە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە دوورگەکە هەناردە دەكرێت، هەروەها دوورگەكە توانای هەناردەكردن و عەمباركردن شەش ملیۆن بەرمیل دەبێت و لە داهاتووشدا بەرزدەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی كە لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە بە ئامانجی دابینكردنی پێدوایستییەكانی بازاڕی جیهان لە نەوتی خاو داندراوە.

ناوبراو روونشیكردووەتەوە ”گرێبەستی كۆتایی ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەك كە تیایدا سەرجەم وردەكارییەكانی ئەندازیاریی، لۆجستی، وەبەرهێنان، ئابووری و شوێنی حەوانەوەی كرێكاران لە خۆدەگرێت، وێرای دیاریكردنی میكانیزمی داهاتی دارایی بۆ هەردوولا”.