بهگوێرهی ڕاگهیهندراوێكی نوسینگهی پارێزگاری سلێمانی، ئوردونیهكان بەنیازن بەشداری بكەن لەبنیاتنانی شارە پیشەسازییەكان لەشارەكانی هەرێم، پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێم لەسەدا سەد پشتیوانی لەپرۆژە پیشەسازییەكان دەكات.
(بەهرۆز محەمەد ساڵح) پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ 23ی نیسان بهرامبهر به3ی گوڵانی 2713ی كوردی بەئامادەبوونی بەرێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی پێشوازیكرد، لە (فاخر خوری) سەر كونسوڵی ئوردن لەهەولێر.
لەدیدارێكدا گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئوردن گفتۆگۆیان لەبارەوە كرا و بە وردی هەوڵەكانی كونسوڵخانەی ئوردن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا بەتایبەت لەبواری وەبەرهێناندا خرایە بەر باس.
كونسوڵی ئوردن لەبارەی پلانیان بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەزموونی ئوردن لەبواری شارە پیشەسازییەكان ئەزموونێكی كامڵە لەناوچەكەدا و دەمانەوێت ئەو ئەزموونە بگوازینەوە هەرێم و لەبواری بونیاتنانی پرۆژەی پیشەسازی و ئیدارەدانی شاری پیشەسازیدا كۆمپانیا ئوردنیهكان لەكوردستان كار بكەن.
كونسوڵی ئوردن لەبەشێكی تری قسەكانیدا تەئكیدی لەگونجاوی بارودۆخ و یاساكان و هەڵكەوتەی بازاری كوردستان كردەوە لە بواری وەبەرهێناندا.
لەبەرامبەردا (بەهرۆز محەمەد ساڵح) داوای لەكونسوڵی ئوردنكرد پرۆپۆزەڵەی ئەو پلانەیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدار بكەن، بۆ ئەوەی لێكوڵینەوەی تیایدا بكەن و بەزووترین كات كاری لەسەر بكەن.
پارێزگار رایگەیاند حكومەتی هەرێم هەموو كارئاسانی و هاوكارییە لەو بوارەدا پێشكەشدەكات.
وتیشی: ” حكومەتی هەرێم لەسەدا سەد پشتیوانی لەپرۆژە پیشەسازییەكان دەكات، هەروەك ئەوەشی روونكردەوە كە لەسلێمانی زەوییەكی زۆر و گونجاو بۆ شاری پیشەسازی دابینكراوەو لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە زۆربەی دەسەڵاتەكان دراوە بە پارێزگارهكان بۆ مۆڵەتدان بە پرۆژە پیشەسازییەكان”.