بەرپرسێكی بانكی ناوەندی لەبارەی مامەڵەكردن بە چەند جۆرێكی دۆلار لە بازاڕەكان. هۆشداری دەدات و رای دەگەیەنێت، دەبێ هاووڵاتییان خۆیان لە چەند جۆرە دۆلارێك بەدوور بگرن.
عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، ”ئەو دۆلارانەی خراپ بوونە و زانیارییەكانی سەریان كاڵ بووەتەوە، بە هیچ جۆرێك وەرناگیرێنەوە”.
ئەو هۆشداریی بە هاووڵاتییان دا، لە مامەڵەكردن بە چەند جۆرە دۆلارێك خۆیان بەدوور بگرن، وتیشی “ئەو دۆلارانەی پارچەیەكیان لێ كرابێتەوە، یان بە لەزگە چاك كرابنەوە، یان وێنە و زانیارییەکانی ناو دۆلارەکە كاڵ بووبنەوە، مامەڵەیان پێوە ناکرێت و لای ئێمە وەرناگیرێن”.
جەختیشی كردەوە “ئەگەر دۆلار زۆر دەستاودەستی پێوە کرابێ و تێکچووبێ، بەشێوەیەک وێنە و زانیارییەکانی ناو دۆلارەکەی خراپ بووبن، یان ئەگەر پارچە لەزگە یان سیکۆتینی پێوە بێ، یانیش رۆنی بەسەردا رژابێ، یان ئەگەر لە شوێنێکینی نەگونجاو هەڵگیرابێ و بۆنی پەیدا کردبێ، لای بانكەكان وەرناگیرێن”.
ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەش دا، دەتوانن دروای خراپبووی عێراقی وەربگرن و لەبڕی ئەوە دراوی تر چاپ بكەنەوە، بەڵام ناتوانن دۆلاری خراپبوو وەربگرن و دۆلاری تازە بدەنەوە خەڵك، گوتیشی: “لەنێو بازاڕی دۆلار و بانكە ئەهلییەكان دۆلاری دڕاو و خراپبوو بە هەرزان لە خەڵك وەردەگیرێت و دەبردرێتە توركیا و بە دۆلاری تازە دەگۆڕدرێتەوە، بەڵام ئەوە لەلای ئێمە ناكرێت”.
عابد مزووری دووپاتی كردەوە، هەموو ئەو دۆلارانەی بە مێژووی دەرچوونی جیاواز لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراقدان، كێشەی مامەڵەپێوەكردنیان نییە، وتیشی “ئەو دۆلارانەی لە لایەن ئەمەریكاوە خراونەتە بازاڕەكان، هیچ كێشەیان نییە، ئەگەر بیانەوێت مامەڵە بە جۆرە دۆلارێكیش نەكرێت ئەوە دەكێشرێتەوە، بانکی ناوهندیی عێراق مامهڵه به ههموو جۆره چاپهکانی دۆلارهوه دهکات، تهنانهت ئهو جۆره 100 دۆلارییانهش، که لهپێش ساڵی 2006ەوە چاپ کراون”.