مۆدێله‌ نوێیەكانی هواوی بێبه‌ش ده‌بن له‌ خزمه‌تگوزاری و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كانی گوگڵ


مۆدێله‌ نوێیەكانی هواوی چه‌ندین ئه‌پڵیكه‌یشن و خزمه‌تگوزاریی گوگڵ-یان تیادا نابێت له‌وانه‌ نه‌خشه‌ و یوتیوب.

دەستەی پەخشی بەریتانیا BBC بڵاویکردەوە، گوگڵ ئەوەی پشتڕاستیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر كۆمپانیای بواری ته‌كنه‌لۆجیای چینی، هواوی خزمه‌تگوزاری و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كانی گوگڵ كه‌ نه‌خشه‌ی گوگڵ ماپ و یوتیوب-یش له‌خۆده‌گرێت له‌ مۆدێله‌ نوێیەكانی هواوی-دا بوونیان نابێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی گوگڵ به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رێگری له‌ گه‌یشتنی مۆدێله‌ نوێیه‌كانی هواوی به‌ بازاڕی ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كانی گوگڵ (Google Play) ده‌كرێت.

حكوومه‌تی ئه‌مریكا چه‌ندین سنووری بۆ كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌ی له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیادا داناوه‌ و به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی کە له‌ مانگی ئایاردا ده‌ركرا، فرۆشتنی به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزاریی به‌ هواوی سنوورداركردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ مانگی رابردوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ لێدوانێکی دا له‌باره‌ی سزاكانه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێك حاڵه‌تی شاز كرد، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌مریكا وه‌ڵامی ئه‌رێنیی داواكارییه‌كانی هواوی-یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 130 جار داوای مۆڵه‌تی بازرگانییان كردووه‌.

هواوی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی ئه‌مریكا مۆڵه‌تیان بدات، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌ركارهێنانی سیستمی ئه‌ندرۆیدی گوگڵ و ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تیشیان نه‌دات، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی سیستمی تایبه‌ت به‌خۆیان.

مۆدێلی Mate 30 Pro كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ هه‌فته‌كانی داهاتوودا له‌ لایه‌ن هواوی-یه‌وه‌ بناسێنرێت، یه‌كه‌م مۆدێلی دوای سزاكانی ئه‌مریكا ده‌بێت.

شاره‌زایان پێیان وایه‌ ئه‌و مۆدێله‌ و مۆدێله‌ نوێیه‌كانی دیكه‌ی هواوی كه‌ بێبه‌شن له‌ خزمه‌تگوزاری و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كانی گوگڵ، به‌تایبه‌ت له‌ بازاڕه‌كانی ئه‌ورووپا كێشه‌ی فرۆشیان ده‌بێت.

هاوكات هواوی به‌رده‌وامه‌ له‌كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ی به‌ناوی Harmony OS ناساندوویه‌تی.